جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مریكا كه‌ره‌نتین كرا

0
355
مایك پێنس، جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مریكا | فۆتۆ: Evan Vucci/Associated Press

كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مریكا به‌هۆى تووشبوونى وته‌بێژه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ ڤایرۆسى كۆرۆنا كه‌ به‌ركه‌وتنى له‌گه‌ڵى هه‌بووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى كۆشكى سپى كه‌ره‌نتین كرا.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ مایك پێنس، جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مریكا به‌ بڕیارى تیمه‌ پزیشكیه‌كه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى كۆشكى سپى كه‌ره‌نتين كرا، به‌هه‌مان هۆكار نه‌یتوانى به‌شدارى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ باڵا سه‌ربازیيه‌كانى ئه‌مریكا دا بكات.

كه‌ره‌نتینكردنى مایك پێنس، دواى ئه‌وه‌ دێت كه‌یت میله‌ر-ى وته‌بێژى رۆژى هه‌ینى تووشى ڤایرۆسى كۆرۆنا بوو، پاش ئه‌وه‌ش رۆژى شه‌ممه‌ پێنس و تره‌مپ هه‌ردووكیان پشكنینى ڤایرۆسى كۆرنا-یان بۆ ئه‌نجامدرا و ده‌ركه‌وت تووشى ڤایرۆسه‌كه‌ نه‌بوون، به‌ڵام ئه‌مڕۆ جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مریكا به‌ گومانى تووشبوون به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ كه‌ره‌نتین كرا.

میدیاكانى ئه‌مریكا له‌و باره‌یه‌وه‌ بڵاویانكرده‌وه‌، “كیم رینۆڵدس، پارێزگارى ویلایه‌تى ئایۆوا چاوى به‌ كه‌یت میله‌ر كه‌وتووه‌ به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ كه‌ره‌نتین كراوه‌”.

مایك پێنس، جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مریكا ته‌مه‌نى 60 ساڵه‌ و خه‌ڵكى ویلایه‌تى ئیندیانا-یه‌.

بەشی بکە لە
تاگەکانئه‌مریكا
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this