ئایا پرۆسه‌ى خوێندن له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌؟

0
260
كۆمه‌ڵێك قوتابى له‌ یه‌كێك له‌ قوتابخانه‌كانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمەسەعید
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێم رایده‌گه‌یه‌نێت: بەردەوامین لە هەڵسەنگاندنی دۆخی تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان هەر لەسەر ئەو بنەمایەش سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتێكین بۆ ئەوەی لە چەند رۆژی داهاتوودا ئاراستەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنای بكەین، دەشڵێت: “ناتوانین بڵێن دۆخەكە بەرەو ئاسیبوونەوە رۆیشتووە”.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێم بە SNNی راگەیاند: “بڕیاری كۆتایی لەسەر دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان لە دەسەڵاتی وەزیری پەروەردە و وەزیری ناوخۆ و لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنادایە، ئێمە لە وەزارەتی تەندروستی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی بڵاوبوونەوە و تووشبوون بەو ڤایرۆسە دەنووسین و ئاراستەی ئەو لیژنە باڵایەی دەكەین و لە ئێستاشدا سەرقاڵی نووسینی ئەو راپۆرتەین”.

وتیشى: “ئەوەی تا ئێستا هەڵسەنگاندنمان كردووە ئەوەیە كە ناتوانین بڵێین دۆخەكە بەره‌و ئاسایی بوونەوەی تەواوەتی رۆیشتووە، راستە كه‌مێك تووشبوون كەمیكردووە، بەڵام ئەمەش جێگیر نییە و رۆژانە ئامارەكان بەرز و نزمی زۆر بەخۆویانه‌وه‌ دەبینن، بۆیە نازانین سێ‌ رۆژی دیكە چی روودەدات تا ئێمەش بڕیاری كۆتایی خۆمان بدەین بۆیه‌ بەناچاری چاوەڕێی دۆخەكە دەكەین بزانین بە چ ئاراستەیەك هەنگاو دەنێت”.

وتەبێژەكەی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشكرد: “لە كۆتایی ئەم مانگەدا جارێكی دیكە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبینەوە بە ئامادەبوونی پارێزگارەكان و وەزیری ناوخۆ بڕیاری دەستپێكردنەوە یاخود درێژەدان بە داخستنی دەرگای قوتابخانەكان دەدەین، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە هەڵسەنگاندنێكی ورد و بابەتییانەی دۆخەكەمان لەبەردەستدا بێت”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this