پەرلەمانتارێک: کۆمپانیای رۆسنەفتی رووسی %60ی بۆری نەوتی هەرێمی کڕیوە

0
202

هەڵکەوت سەروەت-SNN

راهی رەهبەر پەرلەمانتاری کوردستان رایدەگەیەنێت: ” کۆمپانیای رۆسنەفتی رووسی %60ی بۆری نەوتی هەرێمی کڕیوە بە بەهای (1.8) ملیار دۆلار”.

راهی رەهبەر لە لێدوانێکیدا بۆ SNN وتی: ” سەرۆکوەزیرانی هەرێم پێشتر ئاماژەی بەوەدا کە بۆری نەوتی هەرێم نەفرۆشراوە بەڵکو لە چوارچێوەی رێکەوتن و گرێبەستی هاوبەشی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی بۆریەکە هاتۆتە بەرهەم، بەڵام بە گوێرەی بەدواداچوونێکمان کۆمپانیای (رۆسنەفت)ی روسی کە لە رۆژی (19\10\2017)دا  لە 60٪ بۆری نەوتی هەرێم کڕیوە بە بەهای (1.8) ملیار دۆلار، ئەو کۆمپانیایە پێشتر هیچ گرێبەست و رێکەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی هەرێم نەبووە تاکو بەشدار بووبێت لە دروستکردنی بۆری نەوتی هەرێم و لە ئێستادا کرێی لە پێناودا وەربگرێت”.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: مانگی رابردوو یاداشتێکمان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە و داوامان لێکردووە کە بەدواداچون بۆ ئەم بابەتە بکەن لە رێی لیژنەی تایبەتمەند بۆ ئەوەی لە کاتی پشتراستکردنەوەیدا هاوکاری لایەنی پەیوەندیدار بین بە خستنە روی چارەسەر و بژاردەی دیکە لە پێناو کەم کردنەوەی خەرجی بوار نەوت.

دەقی یاداشتەکە کە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان نێردراوە

رۆژی ٥ی ١٠ی ٢٠٢٠ بەرێزان سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران و وەفدی یاوەری ئامادەی دانیشتنی ژمارە (٨)ی خولی پایزەی ساڵی دوەمی خولی پێنجەمی پەرلەمان بوون. لە یەکێک لە وەڵامەکانی بەرێز سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە بۆری نەوتی هەرێم نەفرۆشراوە بەڵکو لە چوارچێوەی رێکەوتن و گرێبەستی هاوبەشی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی بۆریەکە هاتۆتە بەرهەم.

بەڵام بە پێی بەدواچونەکامان کۆمپانیای (رۆسنەفت)ی روسی کە لە رۆژمێژوی (١٩\١٠\٢٠١٧)دا  لە (٦٠)٪ بۆری نەوتی هەرێم کڕیوە بە بەهای (١.٨) ملیار دۆلار پێشتر هیچ گرێبەست و رێکەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی هەرێم نەبووە تاکو بەشدار بوبێت لە دروستکردنی بۆری نەوتی هەرێم و لە ئێستادا کرێی لە پێناودا وەربگرێت.

جێگای ئاماژەیە کە بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (٢٠١٤) کەوتۆتە کار و بۆ یەکەم جار لە ٢٢\٥\٢٠١٤دا نەوتی هەرێم لە رێی تورکیاوە رەوانەی ئەوروپا کراوە. ئەم رێرەوەی کارکردنە دوای رێکەوتنی (٥٠) ساڵەی هەرێم لەگەڵ تورکیا بەرپاکراوە کە لە رۆژی (٤\٦\٢٠١٤) بەرێز سەرۆکی کابینەی (٧) لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بە هەبونی ئەو گرێبەستەدا.

لەگەل ئەوەشدا، لە هیچ یەکێک لە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە ساڵی (٢٠١٤) تاکو (٢٠١٧) باس لە دەستکەوت و خەرجی و کرێی بۆری نەوت نەکراوە تەنها باس لە باجی گومرگی کۆمپانیای وزەی تورکیا کراوە. بۆ نمونە، لە ساڵی (٢٠١٤) حکومەتی هەرێمی کوردستان (٥٢،٣٧٦،١٧٨) دۆلاری وەک باجی گومرگی داوە بە کۆمپانیای وزەی تورکیا لە پێناو گواستنەوەی و تێپەربونی نەوت و  هەر لەو ساڵەدا سەرو (٥٢٤) ملیۆن دۆلار بۆ شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتیەکان تەرخان کردوە بەڵام باس لە کرێ بۆری نەوت نەکراوە تا ساڵی (٢٠١٨) . لەو ساڵە بەدواوە، کۆمپانیای وردبینی (دیلۆیت) بۆ یەکەمجار ئاماژەی بە دەستکەوت و خەرجی و کرێی بۆری نەوتی هەرێم کردووە کە ئەوەش خۆی لە خۆیدا پشت راستی دەکاتەوە کە بۆری نەوت فرۆشراوە و ئێستا حکومەت بە کرێی گرتووە. تەنها ساڵی (٢٠١٩) بە پێی راپۆرتێکی دیکەی (دیلۆیت) زیاتر لە (٦٤٤) ملیۆن دۆلار دراوە بەس بۆ بە کرێ گرتنی بۆریەکە.

داواکارم لە بەرێزان کە بەدواداچون بۆ ئەم بابەتە بکەن لە رێی لیژنەی تایبەتمەند بۆ ئەوەی لە کاتی پشتراستکردنەوەیدا هاوکاری لایەنی پەیوەندیدار بین بە خستنە روی چارەسەر و بژاردەی دیکە لە پێناو کەم کردنەوەی خەرجی بوار نەوت.

راهی رەهبەر

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this