عەباس فەتاح: دەمانەوێت بزانین كێ‌ گرێبەستی 50 ساڵەی واژووكردووە

0
342

SNN-عەلی حەمە سەعید
پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كە جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانیشە ئاماژە بەوە دەكات: ئامانج لە واژووكردنی بانگهێشتی لایەنی پەیوەندیدار بۆ پەرلەمان لەبارەی گرێبەستی 50 ساڵەی فرۆشتنی نەوت بە توركیا، بۆ ئەوەیە بۆ ڕای گشتی ڕوونبێت كێ‌ بووە ئەو گرێبەستەی بە بێ‌ ئاگاداری پەرلەمان واژووكردووە و سود و قازانجی ئەو گرێبەستە لەچیدایە.

عەباس فەتاح، جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی و پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: كاتێك باس دێتە سەر دابەشكردنی مووچە ڕاستەوخۆ باسی رادەستكردنی نەوت و ناردنی پارە دەكرێت لەبەغداوە بۆ هەرێم، لەبەرامبەریشدا بەغدا داوای نەوتی هەرێم دەكات، هەرێمیش نەوت نانێرێت قسەیەكیش هەیە دەوترێت توركیا ڕازی نابێت بە ڕادەستكردنی نەوت بە عێراق، چونكە لەگەڵ هەرێم گرێبەستی 50 ساڵەی هەیە لەبواری نەوت، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیاری و بەڵگەیەك نەهاتووەتە پەرلەمان لەبارەی ئەو گرێبەستە 50 ساڵییەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە 32 پەرلەمانتارین كە واژوومان كردووە لەسەر بانگهێشتی لایەنی پەیوەندیداری حكومەت هەر لایەنێكی حكومەت دێت ئێمە كێشەمان نییە بە مەرجێك زانیاریمان پێبدەن لەبارەی ناوەڕۆكی گرێبەستەكە و سود و زیانەكانی چونكە كاتی خۆی ئەم گرێبەستە واژووكراوە لە پشتی حكومەتەوە كراوە و نە ئێمە و نە هاووڵاتیانیش هیچ زانیارییەكمان لەسەری نییە و دەمانەوێت ئەوە ڕوونبكرێتەوە بۆ خەڵك ماوەی حەوت ساڵە ئەو نهێنییە چی لەو گرێبەستەدا هەیە و نابێت هاووڵاتیان بیزانن.

جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ئەو كاتەی ئەم گرێبەستە واژووكرا ( بەرهەم ساڵح ) سەرۆكی حكومەت بوو لەسەر پشكی یەكێتی، بەڵام ئەوەی كە ڕۆشتووەتە توركیا و واژووی لەسەر گرێبەستەكە كردووە (نێچیرڤان بارزانی) بوو كە لەوكاتەدا هیچ سیفەتێكی حكومی نەبوو لە سەرۆكایەتی هەرێم لە ئەنجومەنی وەزیران، بۆیە نامانەوێت موزایەدە بەم بابەتەوە بكرێت دەمانەوێت بۆ ڕای گشتی ڕوونبێت كێیە واژوویكردووە لەسەر گرێبەستی 50 ساڵەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەگەڵ توركیا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this