كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی یەكێتی و پارتی و گۆڕان بەڕێوەدەچێت

0
648

SNN-عەلی حەمە سەعید
بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ قەیرانی دارایی و هاوكات باسكردنی پرسی لامەركەزی، بڕیارە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان كۆببنەوە، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆرانیش دەڵێت: “ئەو كۆبوونەوەیە بە پێویست دەزانین”.

عەدنان عوسمان، وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان بەSNNی ڕاگەیاند: ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆِران ئەنجامدانی كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی بە پێویست دەزانین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ ئەم دۆخە و گۆڕینەوەی بیروبۆچونەكانمان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەكێتی، هەر لەو سۆنگەیەشەوە پێشتریش داوای كۆبوونەوەی لەو شێوەیەمان كردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان دەمانەوێت لە كۆبوونەوەكەدا باس لە بابەتی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و كۆتایی هێنان بەپرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بهێندرێت و هەروەها دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاویش بۆ دۆخی دارایی هاووڵاتیان و گفتوگۆكردن لەسەر بابەتی لامەركەزیش بە گرنگ دەزانین لەنێوان ئەو سێ‌ لایەنەماندا گفتوگۆی لەسەر بكەین.

بە گوێرەی بەدواداچوونەكانی SNN شانبەشانی بزوتنەوەی گۆڕان هەردوو لایەنی یەكێتی و پارتی ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی بەو پێیەی كە ئەو سێ‌ لایەنە پێكهێنەری سەرەكی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانن، بە گەڕانەوەی سەرۆكی حكومەتیش لە وڵاتانی ئەوروپا كات و شوێنی كۆبوونەوەكە دیاری دەكرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this