رێكارەكانی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا ئاشكرا دەبێت

0
1508

SNN-عەلی حەمە سەعید
پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت: “لە ئێستادا پرۆژەی گواستنەوەی مووچە بۆ سەر بەغدا زیاد لە 100 پەرلەمانتار خاوەنداری لێدەكات و باس لە رێكارەكانی گواستنەوەی ئەو مووچەیە دەكات”.

ڕێبوار كەریم، ئەندامی سەربەخۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی ڕاگەیاند: پرۆژەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر حكومەتی عێراقی زۆر هەنگاوی بڕیوە و لە پرۆژەیەكی تاكەكەسی دەرچووە، لە ئێستادا زیاد لە 100 پەرلەمانتار لە فراكسیۆنە جیاوازەكان خاوەنداری لەو پرۆژەیە دەكەن و لە نزیكترین كاتیشدا ئەنجامی دڵخۆشكەر بە فەرمانبەرانی هەرێم رادەگەیەنین.

ئاماژەی بەوەشكرد، رێكارەكانی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە جۆرێك دەبێت ئەو پەرلەمانتارانەی كە واژوومان لەسەر پرۆژەكە كردووە و لە ئێستادا سەروو 100 پەرلەمانتاری تێپەڕاندووە، ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەكەین بۆ ئەوەی لە دانیشتنێكی پەرلەماندا بیخاتە بەرنامەی كارەوە و بیكاتە یاسا، كە بوو بەیاساش دەبێت حكومەتی عێراق پێوەی پابەندبێت و پێویست ناكات رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێت بۆ ئەوەی بیكاتە بەرنامەی دانیشتنی خۆی و پەسەندی بكات، بەڵكو راستەوخۆ لەلایەن پەرلەمانەوە پرۆژەكە دەكرێتە یاسا و حكومەتی عێراقیش پێوەی پابەند دەبێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی ئاشكراكرد، لەوە دڵنیابووینەتەوە كە پرۆژەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی عێراق بەدەستدەهێنێت، هاوكات دابەشكردنی مووچەكەش لەڕێگەی كارتێكی زیرەكەوە دەبێت كە حكومەتی عێراقی بۆ خۆی هەڵدەستێت بەدروستكردنی و پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمەوە نابێت و لەچەند رۆژی داهاتووشدا وردەكاری زیاتر بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكەین.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this