لە دوو هەفتەی داهاتوودا پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی2021 دەگاتە پەرلەمان و پشكی كوردیش یەكلا نەبووەتەوە

0
162

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەوتەی ژمارەیەك لە نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كەمتر لە دوو هەفتەی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021 دەگاتە پەرلەمان و دەستبە خوێندنەوەی دەكرێت، هاوكات تا ئێستاش یەكلا نەبووەتەوە ڕێژەی پشكی كورد بە %12.67 دیاریكراوە یاخود بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووان دەبێت، ئەوەش ئەركی حكومەتی هەرێمە ئەو بابەتە یەكلا بكاتەوە لەگەڵ عێراق.

د. موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی ڕاگەیاند: بە وتەی سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی كە بە ڵێنیان بە پەرلەمانداوە تا كۆتایی ئەم مانگە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021 ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق دەكەن بۆ ئەوەی خوێندنەوەی بۆ بكرێت و بخرێتە بەرنامەی كارەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا ڕەشنووسی پرۆژە یاساكەمان بەدەست نەگەیشتووە نازانین بودجەی گشتی بەچەند خەمڵێندراوە و چەندە كورتهێنان هەیە و پشكی كوردیش لەسەر چ بنەمایەك دیاریكراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەپەرلەمانی عێراق ئەوە یەكلا بووەتەوە كە ناردنی پارە و بودجە بۆ هەرێم پەیوەستكراوە بە ناردنی نەوت و داهاتی هەرێم بۆ بەغدا، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا بودجەی هەرێم بەیەكجاری نابڕدرێت چونكە بە پێی دەستور دەبێت بودجەی هەرێم دیاریبكرێت لە بودجەی گشتی عێراق، بەڵام وردەكاری پشكی كورد پەیوەستە بە ڕێككەوتنی نێوان هەرێم بەغدا و بڕی ئەو نەوتەی كە هەرێم ڕادەستی سۆمۆی دەكات.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی ڕاگەیاند: بڕیارە كەمتر لە دوو هەفتەی داهاتوودا پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت، تا ئێستا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە هیچ وردەكارییەكمان پێنەدراوە ئاخۆ بودجەی گشتی بەچەند خەمڵێندراوە نرخی نەوت بەچەند دیاریكاوە بڕی كورتهێنان چەند دەبێت بۆیە بە گەیشتنی پرۆژە یاساكە ئێمەش زیاتر بەرچاومان ڕووندەبێت چۆن مامەڵەی لەگەڵ بكەین.

ئاماژەی بەوەشكرد، دوو ئاراستە هەن بۆ دیاریكردنی پشكی كورد لە بودجەی گشتی عێراق، ئاراستەیەك كە حكومەتی عێراقی پشتیووانی لێدەكات ئەوەیە پشكی كورد بە ڕێژەی لە %12.67 دیاریكراوە پاش دەركردنی بودجەی حاكیمە و سیادی، ئاراستەیەكی دیكەش حكومەتی هەرێم پشتیوانی دەكات ئەوەیە كە پشكی هەرێم لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان دیاریبكرێت كە دەگاتە سەروو لە%13 بەڵام دواجار ئەم بابەتە دەكەوێتە سەر ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر چ میكانیزمێك ڕێكدەكەون.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ئەركی ئێمەی پەرلەمانتاران ئەوەیە كە بەهەموو توانامانەوە بەرگری لە مافەكانی هاووڵاتیانی هەرێم بكەین، بەڵام سروشتی هەموو كاری پەرلەمان پەسەندكردنی پرۆژە یاسا گرنكەكان وەك پرۆژە یاسای بودجەی گشتی زۆر دەگمەنە بەدڵی هەموو لایەك بێت، بۆیە حكومەتی هەرێم بە ڕێككەوتنی لەگەڵ عێراق دەتوانێت ئەركی پەرلەمانتاران ئاسانتر بكات بەوەی كە پشكی هەرێم گەرەنتی بكرێت نەك ئەوەی لە پرۆژە یاسای قەرز ڕوویدا دووبارە ببێتەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this