ئەمریکا و چین هەژموونی خۆیان لە ئەفریقا بەهێزدەکەن

0
291
Grant Lee Neuenburg/Reuters

کیشوەری ئەفریقا لە رووی سامان و ژمارەی دانیشتوانەکەیەوە، لە هەرناوچەیەکی دیکە خێراتر گەشەدەکات، ئەمەش وایکردووە ئەمریکا و چین رکابەری بکەن لەسەر دروستکردنی هەژموونی خۆیان لەو ٤٥ وڵاتەی کەوتوونەتە ئەفریقاوە، لە ڕێگەی وەبەرهێنان و دەستوەردان لەکاروباری سیاسی و ئەمنی ئەو وڵاتانەوە.

ئەمریکا ساڵی رابردوو 60 ملیار دۆلاری بۆ بواری وەبەرهێنان لە وڵاتانی هەژار و مامناوەند دابینکردووە کە بەراورد بە ساڵی پێشتر، بڕی ئەو وەبەرهێنانانە نزیکەی دوو هێندە زیادیکردووە.

حکومەتی چینیش لە ساڵی2003 ەوە دەستیکردووە بە وەبەرهێنانەکانی لە وڵاتانی ئەفریقا، لەوکاتەوە شەش ترلیۆن دۆلاری بۆ چەند پڕۆژەیەک تەرخانکردووە کە سوود بە ژێرخانی ئابووری ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەفریقا دەگەیەنێت، ئەمە لە چوارچێوەی ستراتیجییەکی تایبەتی چیندایە کە پێیدەوترێت، دەستپێشخەری رێگا و بەستنەوە، کە ئامانج لێی بەستنەوەی چینە بە نزیکەی 100 وڵاتی ئەفریقا و ئەوروپا و ئاسیا.

هاوکات چین هاوپەیمانێتی لەگەڵ بەشێک لەو وڵاتانەی ئەفریقا دروستکردووە کە لە چەند ساڵی داهاتوودا رێگە بۆ هەژموونی چین لە خاکەکایاندا خۆشدەکات.

وەبەرهێنانەکانی چین لە وڵاتانی ئەفریقا بێبەرامبەر نەبووە، وڵاتان بۆ ئەوەی قەرز لە چین وەربگرن دەبێت کەفالەتێک دیاریبکەن، کە ئەوەش بە نەوت یان فڕۆکەخانە یان مافی سەر خاکەکەیان دیاریکراوە. مایک پۆمپەیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەم مامەڵەیەی بە “رێکەوتنێکی خراپ لەپێناو بەدەستهێنانی هەژموونی سیاسی” وەسفکردووە.

قەرزەکانی چین سوودی بە ئابووری بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقا گەیاندووە و بۆ بەشێک لە وڵاتانیش بووەتە بەڵا، لە نێویشیاندا کینیا کە بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزەکانیەوە ئەگەری هەیە ناچاربێت گەورەترین دەروازەی وڵاتەکە رادەستی حکومەتی چین بکات.

میدیاکانی ئەمریکا لەوبارەیەوە رەخنەی ئەوە لە حکومەتەکەیان دەگرن کە نەیتوانیوە بە ئاستی چین وەبەرهێنان بە ئەفریقا بکات، هانی واشنتۆنیش دەدەن گۆڕانکاری لە پرۆگرامی (کۆمپانیای وەبەرهێنانی تایبەت لە دەرەوەی وڵات)ی ئەمریکادا بکات، بەجۆرێک بگاتە هاوشانی چین لە دروستکردنی هەژموون لە وڵاتانی ئەفریقا، میدیاکان جەخت لەوەدەکەنەوە دروستکردنی ئەو کاریگەریەی ئەمریکا لەسەر ئەفریقا “لەپێناوی خۆشگوزەرانی و نیازپاکی ئەمریکادا دەبێت و سوود بە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیش دەگەیەنێت”.

باسیش لەوەدەکرێت، کاتێک چین قەرز بە وڵاتانی ئەفریقا دەبەخشێت هیچ مەرجێکی چاودێریکردنی چۆنیەتی خەرجکردنی ئەو قەرزەی نیە، بەمەش حکومەتی وڵاتانی ئەفریقا دەستکراوەدەبن ئەو قەرزە لە کوێ و لە چیدا خەرجدەکەن، لەکاتێکدا ئەمریکا داوای بەڵگەنامەکانی تایبەت بەو پڕۆژانە دەکات کە قەرزەکان تیایدا خەرجدەکرێت و شەفافیەت لەوبارەیەوە کاری لەپێشینەی ئەمریکا دەبێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this