سكرتێری یەكێتی مامۆستایان “ئەگەر دابەشكردنی مووچە ئاسایی بووایە كۆرۆناش ئەوەندە كاری نەدەبوو”

0
102

SNN-عەلی حەمە سەعید

سكرتێری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات گرفتی سەرەكی لەبەردەم دەستپێنەكردنەوەی پرۆسەی خوێندن دابەشنەكردنی مووچەیە بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەراندا ئەگەریش دابەشكردنی مووچە ئاسایی بووایە ئەوا ڤایرۆسی كۆرۆناش هێندە كاریگەری نەدەبوو دەشڵێت “هەتا مووچە دابەشنەكرێت ئەستەمە خوێندن دەستپێبكاتەوە”.

عەبدولواحید محەمەد، سكرتێری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: لێرەو لەوێ‌ باس لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكرێت وەك هۆكارێك بۆ داخستنی ناوەندەكانی خویندن و دواخستنی پرۆسەی پەروەردە، بەڵام لە ڕاستیدا گرفتی سەرەكی بەردەم پرۆسەی پەروەردە و دەستپێنەكردنەوەی خوێندن دابەشنەكردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانە، چونكە ئەگەر مووچە بەشێوەیەكی ئاسایی دابەشبكرایە ئەوا ڤایرۆسی كۆرۆناش ئەوەندە كاریگەری نەدەبوو كە ئێستا هەیەتی.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەر بەهۆی دابەشنەكردنی مووچە كاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر قوتابیان و خوێندكاران و هاووڵاتییانیش دروستكردووە و خەریكە ژیان دەوەستێت و كێشەو گرفتی زۆری بۆ هاووڵاتیان دروستكردووە، بۆیە ئەگەر حكومەت بڕیاری دەستپێكردنەوەی دەوامی خوێندنیش بدات ئەگەر كێشەی مووچە چارەسەر نەكات و مووچە لەكاتی خۆیدا دابەشنەكات ئەوا هەر پێناچێت پرۆسەی خوێندن دەستپێبكاتەوە.

سكرتێری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا جارێك گرفتی بۆ پۆسەی پەروەردە لە وڵاتانی جیهان دروستكردبێت ئەوا بۆ ئێمەی كورد دووجار باری سەرشانمان قورس بووە لەلایەك بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لەلایەكی دیكەش دابەشنەكردنی مووچەیە، بۆیە پێمان وایە ئەگەر مووچە هەبووایە ئەوا خەمەكەمان كەمتردەبوو دەرفەتێكی باشتریشمان لەپێش دەبوو بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this