“دروستكردنى هه‌ژمارى بانكى بۆ مووچه‌خۆرانى هه‌رێم كارێكى دره‌نگ وه‌خته‌”

0
540
لۆگۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید
دوای چڕكردنەوەی هەوڵەكانی دابەشكردنی راستەوخۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، وەزارەتی دارایی هەرێم لە بڕیارێكیدا داوای لە وەزارەت و دامەزراوە حكومییەكان كردووە كە لەڕێگەی بانكی تایبەتمەندەوە هەژماری بانكی بۆ سەرجەم مووچەخۆران بكەنەوە، پەرلەمانتارێكی بەغداش باس لەم هەنگاوەی هەرێم دەكات.

ڕێبوار كەریم، پەرلەمانتارى سه‌ربه‌خۆى عێراق و خاوەنى بیرۆكه‌ى پرۆژەی دابەشكردنی راستەوخۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن بەغداوە بە SNNی راگەیاند: “ئەوەی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی دەستی بۆ بردووە كارێكی زۆر درەنگوەختە و بەدڵنیایشەوە بە ئاسانی ناتوانن جێبەجێی بكەن، چونكە كاتێك من لە ساڵی 2012 مامۆستای زانكۆبووم هەوڵێكی لەو شێوەیەیاندا، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیووه‌ جێبەجێی بكەن، بۆیە ئێستا كە دەزانن ئێمە جددین لە كارەكەماندا هەوڵی دروستكردنی هەژماری بانكی دەدەین بۆ فەرمانبەران”.

وتیشى: “هەژماری بانكی بۆ بندیوار و كەسانی نادیار دانانرێت، لە كاتێكدا زۆرێك لە مووچەخۆرانی هەرێم بندیوار و كەسانی وەهمی و نادیارن، بۆیە دەبوو حكومەتی هەرێم لە ساڵانی رابردوودا ئەم كارەی بكردایە نەك ئێستا كە دەزانێت خەریكە كارەكەیان لەدەست دەردەچێت، ئێستا ئەو پەندە كوردییە بەسەر حكومەتی هەرێم هاتووە كە دەڵێت: لەدوای باران فەرەنجیم بۆ چییە؟! بۆیە ئێستا واباشترە حكومەتی هەرێم فەرەنجییەكەی بكات بە چەتر، چونكە خەریكە كارەكە لە دەستی ئەواندا نامێنێت”.

وتەكانی ئەو پەرلەمانتارەی عێراق لە كاتێكدایە كە دوێنێ‌ لە لێدوانێكیدا بۆ SNN رێكارەكانی گواستنەوەی راستەوخۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بۆ سەر بەغدا روونكردەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this