پڕۆژەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا کاردانەوەی هەیە

0
575

SNN- بریار محەمەد
ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران زیاتر لە 157 هەزار واژووی مووچەخۆرانی هەرێمیان کۆکردەوە بۆ ئەوەی مووچەکانیان راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە رەوانەبکرێت، ئەوەش کاردانەوەی بەشێک لە هاووڵاتییان و سیاسەتمەدارانی لێکەوتەوە، بەشێکیان پشتگیری لێدەکەن و بەشێکی دیکەش بە “بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن” وەسفیدەکەن.

رێبوار کەریم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە یەکێکە لە خاوەنی پڕۆژەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا، لە لێدوانێکیدا بۆ SNN وتی: “بە دیاریکراوی 157 هەزار و 422 واژووی مووچەخۆرانی هەرێممان کۆکردووەتەوە و 117 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران پشتگیری خۆیان نیشانداوە”، دەشڵێت: “پڕۆژەکە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کراوە و ئەوانیش ئاراستەی لیژنەی تایبەتمەندیان کردووە بۆ تەواوکردنی رێوشوێنە یاساییەکان”.

رێبوار کەریم وتیشی: “بەهۆی بەردەوامی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم سەرەڕای بوونی چەندین سەرچاوەی داهاتی وەك فرۆشتنی نەوتی هەرێم و گومرك و داهاتی ناوخۆ و پارەی بەغدا، گەندەڵی بێشوماری سەرچاوەكانی داهات و تەنانەت ونبونی ئەو پارەیەی كە لە حكومەتی عێراقییەوە دەنێردرێت بۆ هەرێم، هەروەها دواخستن و لێبڕینی بەردەوامی موچەی فەرمانبەران کە چەندین ساڵە بەردەوامە، فەرمانبەرانی هەرێم خواستیان ئەوەیە راستەوخۆ لە حكومەتی عیراقەوە مووچەکانیان بۆ رەوانەبکرێت”.

سەبارەت بە واژووکان، ناوبراو وتی، ئەو کەسانەی واژوویان کردووە بەڕێژەی (61.4%) لە پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك و (38.6%) لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەن.

هاوكات جەلال محەمەد بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بە SNNی راگەیاند: تا ئێستا ئەوەی یاسایی و دەستوری بوو دەبوو حكومەتی عێراق لە چوارچێوەی دەستور و یاسای شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێرێت، بەڵام ئێستا كە ناینێرێت ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران هەستاون بە دۆزینەوەی ئەو رێگاچارەیە.
ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان وتیشی: “بەهۆی زۆربوونی كێشە و گرفتە کەڵەکەبووەکان ناڕەزایەتی و نیگەرانیەكانی هاووڵاتیان زۆر زیادیکردووە و ئەمەش لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت”.

لای خۆشیەوە لیزا فەلەكەدین كاكەیی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە SNNی راگەیاند: “هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق خەریكە نزیكدەبێتەوە و هەر بۆیەش تا دێت كێرڤی چەواشەكاری و بانگەشەی ناڕاستەوخۆ بەرزتر دەبێتەوە، پڕۆژەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا یەكێكە لە بەرنامە زەقەكانی بانگەشەی هەندێك لایەنی سیاسی كوردستانی و عێراقی كەوا جگە لە چەواشەكاری و هەوڵدان بۆ خۆ بەپاڵەوانكردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هیچ واقیعییەتێكی دیكەی تێدا بەدی ناكرێت”.

وتیشی: مامۆستایەكی ئازیز یاخود فەرمانبەرێكی ماندونەناس شایستەی ئەوە نین بەساویلكە بزانرێن و بە دوو ژاوەژاوی سیاسی هەوڵی كۆنتڕۆڵ كردنی هەست و بیركردنەوەی بدرێت و بەكاربهێنرێت بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و كورسییەكی پەرلەمانی، لە هەموی سەیروسەمەرەتر كەسانێك كە خۆیان كردوەتە خاوەنی پرۆژەكە لە رابردوو نەیانتوانیوە پابەندی سیاسەتی حزبەكەی خۆیان بن و بەبێ هیچ دوو دڵییەك لەپێناو بەرژەوەندییەكانیان بە چاوتروكاندنێك پشتیان لە حزبەكەی خۆیان كردوە.

ئارام عومەر فەرمانبەری یەکێکە لە فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر دەڵێت ئەگەر ئەو هەوڵانە بە ئاراستیەكەی باشدا بڕوات و تەنها بۆ مزایەدەی سیاسی و بانگەشی هەڵبژاردنەكان نەبێت، كارێكی باشە، چونكە بەغدا لەگەڵ هەرێم هیچ كاتێك رێكناكەون و تەنهاش ئێمەی لێی زەرمەند دەبین.

وتیشی، پێویستە پەرلەمنتاران چۆن لە كاتی بانگەشی هەڵبژاردنەكان ئیشیان بە ئێمە بوو دەنگمان پێداون ئێستاش ئێمە لە ژیانێکی سەختداین بەهۆی بێ مووچەی و نەبوونی دەرفەتی كار ئێستا كاتی ئەوانە خزمەتی ئێمە بكەن .

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this