تا ئێستا داهاتی فرۆشتنی نەوت ڕادەستی وەزارەتی دارایی هەرێم نەكراوە

0
622

SNN-عەلی حەمە سەعید
هەرچەندە دابەشنەكردنی مووچە لە هەرێمی كوردستان لە 40 ڕۆژ نزیكدەبێتەوە و حكومەتی هەرێمیش چاوەڕێی ناردنی 320 ملیار دینارەکەی بەغدایە بۆ دابەشكردنی مووچە، بەڵام تا ئێستا داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم ڕادەستی وەزارەتی دارایی نەكراوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن بەرپرسێكی سەربە وەزارەتی دارایی بە SNNدراون، ئەوە خراوەتەڕوو، لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی دارایی دەستی بە كۆكردنەوەی داهاتی ناوخۆیی كردووە، لە چاوەڕوانی ناردنی 320 ملیار دینارەكەی بەغداین بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر دابەشكردنی مووچە بدەین، بەڵام تا ئێستا پارەی داهاتی فرۆشتنی نەوت بۆ ئەم مانگە و مانگی ڕابردووش نەخراوەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی، بۆیە ئەگەر بەغداش 320 ملیار دینارەكە بنێرێت، ناتوانین مووچە دابەشبكەین تا پارەی داهاتی نەوتیش نەخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی.

ئاماژەی بەوەشكرد، داوامان لە یەكە ژمێریارییەكان كردووە لیستی مووچەی فەرمانبەران ئامادە بكەن و لیستەكەش ئامادەكراوە تەنها ئەوەندەی ماوە كە بڕی لێبڕین دیاریبكرێت ئەوەش زۆری پێناچێت لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا تەواو دەكرێت، بەڵام تا ئێستا نازانین بڕی لێبڕین چەندە و وادەی دابەشكردنی مووچەش كەی دەستپێدەكات.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا یەكلا نەبووەتەوە ئایا بەغدا 320ملیار دینارەكە دەنێرێت یاخود نا، بۆیە هەتا بە فەرمی نەخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی ناتوانین بڵێین بەغدا پارەكەی ناردووە، بۆیە لە حاڵەتی نەناردنی ئەو پارەیە دابەشكردنی مووچە زیاتر دوادەكەوێت مەگەر لە حاڵەتێكدا حكومەتی هەرێم پەنا بۆ قەرز ببات بۆ دابەشكردنی مووچە ئەوەش ئەستەمە بتوانێت بە خێرایی ئەو قەرزەی دەست بكەوێت كە بۆ هەر مانگێك پێویستی بە 890 ملیار دینار دەبێت بۆ دابەشكردنی مووچە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this