“300 تیرۆریستى داعش له‌ به‌ندینخانه‌كانى هه‌رێمدا ماون”

0
79

SNN ـ بڕیار محەمەد

ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ لە شارى هەولێڕ لە دیوانى وەزارەتى ناوخۆی هەرێمى کوردستان لیژنەى وەزارى جینۆساید ناساندى تاوانەکانى داعش یەکەم کۆبوونەوەى خۆی ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە وەزیرانى ناوخۆ، داد، کاروبارى کۆمەڵایەتى، شەهیدان و کاروبارى پەرلەمان و سەرۆکى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و دیندار دیندار زێبارى، رێکخەرى راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بەشداریان تێدا کرد.

دواى کۆبوونەوەکە دیندار زێبارى، رێکخەرى راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “ئەم کۆبوونەوەیە دواى بڕیارى دامەزراندن یەکەم کۆبوونەوەى لیژنەى وەزارى بەجینۆساید ناساندنى تاوانەکانى داعشە کە لەسەر سێ تەوەر گفتوگۆی کردووە، تەوەرى یەکەم هەماهەنگى لەگەڵ یونى تات کە لە ساڵى 1975وە دامەزراوە و هەماهەنگى دەکات لە کۆکردنەوەى بەڵگەى پێویست بۆ بەجینۆساید ناساندنى تاوانەکانى داعش”.

وتیشی: “وەزیرى ناوخۆ باسی هەنگاوەکانى کردووە و هەوڵەکانى حکومەتى هەرێم بە دادگاییکردنى تاوانباران و تیرۆرستانى داعشە، بۆ ئەوەى لە داهاتوویەکى نزیکدا سەرانى داعش لە کوردستان و عیراق بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بکرێت، تەوەرى دووەم قۆناغەکانى بە ئەلیکترۆنى کردنى داتا و بەڵگەکانى جینۆسایدە بەتایبەتى لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەى بە ستاندەرى نێودەوڵەتى بێت و بۆ دادگاییکردنى سەرانى داعش بەکاربێن، هەروەها باسی ئەوەشمان کردووە لەگەڵ عیراق هەرێمى کوردستان خۆی بگونجێنێت لەگەڵ سێکتەرە نێودەوڵەتییەکانى بوارى دادگایی و یاسایی”.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: “به‌ هەماهەنگى لەگەڵ یونى تات بۆ راهێنان و کارکردن و ئاراستەکردنمان بۆ فەراهەم بکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەک لە دەرچوانى زانکۆکانى کوردستان لەگەڵ ئۆفیسەکانی یونى تات کاربکەن لە پرۆسەى دابەشکارى پۆستەکان خەڵکى کوردستانى تێدابێت”.

دیندار زێبارى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: “ئەو پرۆسەیە بۆ خەڵکى کوردستان گرنگە، چونکە کوردستان لە شەری دژى داعش سەرکەوتنى بەرچاوى بەدەستهێناوە و هەروەها لە ئازادکردنى ڕفێنراوەکانى دەستى داعشیش رۆلى بینیوە و هەرێمى کوردستان هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بووە”.

رێکخەرى راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان روونیشیكرده‌وه‌: “هەرێمى کوردستان و عێراق بەسێ یاساى نێودەوڵەتى لە دادگاییەکى نیشتمانى بە پێوەرى نێودەوڵەتى پرۆسەى دادگایی سەرانى داعش ئەنجام دەدەین، ئەوەش پرەنسپێکى تازەیە لە یاسایی و پراکتیکى”.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا دیندار زێبارى  ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: “لەگەڵ ئەوەى عێراق ئەندامى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى نییە و رێککەوتنى رۆماى واژوو نەکردووە، بەڵام بڕیارى ژمارە 2379٩ى ئەنجوومەنى ئاسایش ئەو رێکارەى دیاری کردووە بۆ دادگاییکردنى سەرانى داعش”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “ساڵى 2016 تاوه‌كو 2018 زیاتر لە هه‌زار و 600 تاوانباری داعشمان دەستگیرکردووە ئەوانیش دادگایی کراون یان رادەستى حکومەتى عیراق کراونەتەوە و ئێستاش نزیکەى زیاتر لە 300 تیرۆرستى داعش لە بەندیخانەکانى کوردستان ماون”.

باسی لەوەشکرد: “بەپێی ئەو زانیارییانەى هەمانە تا ئێستا 6 هەزار کەس تۆمارکراون کە لەلایەن تیرۆرستانى داعش رێفینراون و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 3 هەزاریان رزگارکراون و دوو سەنتەرى تۆمارى زانیارییەکان لەو چوارچێوەیەدا دامەزراوە و ئەو زانیارییانەش وەک بەڵگەى دادگاییکردن ئامادەکراون”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this