ئەو لیژنە پەرلەمانییەی بۆ نێوەندگیری هەرێم و بەغدا دروستبوو دێتە هەرێمی کوردستان

0
236

SNN-عەلی حەمە سەعید
ئەندامێكی ئەو لیژنە پەرلەمانییەی عێراق كە بە مەبەستی نێوەندگیری لەنێوان هەولێر و بەغدا پێكهێندراوە، ئاماژە بەوە دەكات سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن.
ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی ڕاگەیاند: ئەو لیژنەیەی كە لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە پێكهێندراوە بە مەبەستی لێكنزیككردنەوەی هەردوو لایەنی حكومەتی هەرێم و بەغدا هەنگاوێكی دروستە بە ئاراستەی دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو، ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی تا ئێستا ئاگادار نەكراوینەتەوە لە وادەی كۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمانی عێراق بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا پێكهێنراوە، بەڵام هەر هەوڵێك بۆ چارەسەری كێشەكان بە هەنگاوێكی باش دەزانین و پێشوازی لێدەكەین.
ئاماژەی بەوەشكرد، تا ئێستا نازانین كەی شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات، بەڵام دەزانین كە بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێم و عێراق لەسەر هێڵن بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەكی یاسایی بۆ ناردنی 320 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆكوەزیرانی عێراق لەگەڵ جێگری سەرۆكی پەرلەمان كۆبووەتەوە بەڵێنی ناردنی 320 ملیاردینارەكەی بۆ هەرێم دوپاتكردووەتەوە.
وتەكانی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە كاتێدایە كە (محەمەد شیاع سودانی)، ئەندامی ئەو لیژنە پەرلەمانییەی بۆ نێوەندگیری نێوان هەرێم بەغدا پێكهاتووە، ئەوەی ڕاگەیاندووە كە لیژنەكەیان كۆبوونەوەی تایبەت بەخۆیان ئەنجامداوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ هەردوو لایەنی هەرێم و بەغدا كۆدەبنەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this