نوێترین زانیاری لەبارەی وەرگرتنەوەی ژمارەیەك پۆستی باڵا لە عێراق لە لایەن كوردەوە

0
297

SNN-عەلی حەمە سەعید
چەند ڕۆژێكە بابەتی پڕكردنەوەی چەند پۆستێكی بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی عێراق لەلایەن كوردەوە بووەتە باسی گەرمی ڕاگەیاندنەكان و باس لە كاندیدكردنی چەند بەربژێریكیش دەكرێت بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستە حكومییەكانە، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو كە پڕكردنەوەی پۆستێك بە مافی خۆیان دەزانن دەڵێت ئەو بابەتە تەنها لە ڕاگەیاندنەكانەوە باسی لێوە دەكرێت و هیچ شتێكی فەرمی نییە.

د. موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی راگەیاند: بابەتی پڕكردنەوەی چەندین پۆستی باڵا لە بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی مافێكی سروشتی كوردە و هیچ منەتێكی تیادا نییە عێراق بیداتەوە بە كورد، هەر لەو چوارچێوەیەشدا پۆستی بریكاری وەقفی سونی پشكی یەكگرتووی ئیسلامییە و لە ساڵی 2004 ەوە بە یەكگرتووی ئیسلامی دراوە بەڵام بە ستەمكردن لە یەكگرتوو ئەو پۆستەیان لێوەرگرتینەوە و ئێستاش لە هەوڵی وەرگرتنەوەیدان شانبەشانی پۆستەكانی دیكە كە پشكی كوردن.

ئاماژەی بەوەشكرد: ماوەیەكی زۆرە لە هەوڵی پڕكردنەوەی ئەو پۆستانەداین كە پشكی كوردن، بەڵام تا ئێستا هەر هەوڵە و حكومەتی عێراقی نەهاتووەتە ژێر باری ڕادەستكردنەوەی پۆستەكان بە كورد كە خۆیان لە سەدانی پۆستی گرنگ دەبینێتەوە ئەوەش لە زیانی كورد و سودی پێكهاتەكانی دیكەی عێراقە، ئەم پرسە دەمێكە وەك پرسێكی زیندوو لە نێو فراكسیۆنە كوردییەكان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت بەڵام تا ئێستا حكومەتی عێراق و هێزە سیاسییەكانی عێراق ئامادەنەبوون ئەم مافە بۆ كورد بگەرێننەوە.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ئەمە بابەتێكی كۆنە و لە خولی پێشووتریش واژۆی سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكانمان وەرگرت تەنانەتە لە سەردەمی هاوپەیمانی كوردستانیش ئەوكاتە كە ( ڕۆژ نوری شاوەیس) سەرۆكی هاوپەیمانیتیەكە سەرپەرشتی بابەتی وەرگرتنەوەی پۆستە حكومیەكانی گرتە ئەستۆ، بەڵام هیچی پێنەكرا و دواتریش بوو هەوڵی زۆر درا كە ئەو بابەتە یەكلا ببێتەوە هەر ئەنجامی نەبوو، بۆیە ئێستاش تەنها لە ڕاگەیاندنەكانەوە ئەم بابەتە گەرمكراوەتەوە ئێمە ل نزیكەوە ئاگادارین كە هیچ شتێكی فەرمی لە لایەن عێراقەوە نییە.

بۆ بەدواداچوونی زیاتر لەسەر ئەم پرسە SNN پەیوەندی بە چەند بەربژێرێكی حزبە سیاسییەكانی هەرێم كرد كە پاڵێوڕاون بۆ وەرگرتنی پۆست، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێك بدەن لەو بارەیەوە.

ئەوەی ئێستا لە ڕاگەیاندنەكانەوە باسی لێوە دەكرێت ئەوەیە كە، هەریەك لە (مەسعود حەیدەر) كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان  بۆ پۆستی بریكاری وەزیری دارایی و(عیزەت سابیر) كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ پۆستی بریكاری وەزیری نەوتی عێراق و (كاردۆ عەبدولواحید) كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆبریكاری وەزیری كارەبای عێراق و هەروەها (ئیسماعیل سگێری) لەسەر پشكی یەكگرتووە بۆ  بریكاری وەقفی سونی عێراق دیاریكراون.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this