ته‌وه‌ره‌كانى كۆبوونه‌وه‌ى باڵاى ئه‌مڕۆى یه‌كێتى و گۆڕان له سلێمانى

0
845

SNN – عەلی حەمەسەعید
بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر چەند بابەتێكی پەیوەست به‌ ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ناردنی شاندى هه‌رێم بۆ بەغدا، ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ لە دەباشان بە بەشداری هاوسەرۆكان و رێكخەری گشتی، یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان كۆده‌بنه‌وه‌.

سۆران جەمال تاهیر، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتيی نیشتمانيی كوردستان و بەشدار لە كۆبوونەوەكە بە SNNی راگەیاند: “نیوەڕی ئەمڕۆ بە بەشداری هەردوو هاوسەرۆكانی یەكێتی و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و میوانداری رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان دەكەین و لە دەباشان كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە بارودۆخی گشتی هەرێمی كوردستان و عێراق بەڕێوەدەبەین”.

وتیشى: “دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دۆخ و گوزەرانی هاووڵاتییان و پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر و ناردنی شاندێك بۆ بەغدا بەمەبەستی رێككەوتن لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە دەبن هەروەك بابەتی لامەركەزیش لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆی لە بارەوە دەكرێت كە لە ئێستادا ئەو بابەتە ئاراستەی لایەنە حكومییەكان كراوە”.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نيشتمانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو: “دوای ئەم كۆبوونەوەیەمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵدەدەین كۆبوونەوەیەكی فراوان بە بەشداری هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان رێكبخەین بۆ ئەوەی بتوانین پێكەوە چارەسەرێكی گونجاو بۆ ئەو كێشە و گرفتانەی كە لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێن  دۆزینەوە، هەروەها یەك دەنگی كوردیش لە بەرامبەر بەغدا دووپات بكەینەوە”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this