لە سێ‌ ملیار دینارەكەی پارەی گەنم كە عێراق ناردویەتی بەشی نزیكەی 20 جوتیاری شارەزوور دەکات

0
434

SNN-عەلی حەمە سەعید

دوای ئەوەی حكومەتی عێراقی بڕیاریدا كە بڕی سێ‌ ملیار دینار وەك پارەی گەنمی جوتیاران رەوانەی هەرێم بكات، بەڕێوەبەری سایلۆی سەیدسادق ئاماژە بەوە دەكات لەو سێ‌ ملیار دینارە پارێزگای سلێمانی ملیارێك و 400 ملیۆن دیناری بەردەكەوێت و سایلۆی سەیدسادقیش نزیكەی 170 ملیۆن دینارمان بەردەكەوێت كە بەشی تەنها 20 جوتیار دەكات و بڕێكی زۆر كەمە.

بەختیار عیزەت، بەڕێوەبەری سایلۆی سەیدسادق بە SNNی ڕاگەیاند: وابڕیارە كە سبەی دووشەممە چەكی پارەی گەنمی سنووری پارێزگای سلێمانی بگاتە سایلۆكانی سنووری سلێمانی، بەڵام ئەوەی دابینكراوە بڕێكی زۆر كەمە و نەدەبوو بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ جوتیاراندا بكرێت، لە كاتێكدا حكومەتی عێراق لە كۆی ئەو 12 تریلیۆن دینارەی كە وەك قەرز وەریگرتووە بڕی زیاد لە تریلیۆن و 860 ملیار دیناری بۆ پارەی گەنمی جوتیاران تەرخانكراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتی عێراق بڕیاریداوە كە بڕی سێ‌ ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم بكات، لەو بڕە پارەیەش بڕی ملیارێك و 400 ملیۆن دیناری بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخانكراوە و هاوكات سایلۆی سەیدسادقیش كە گەنمی جوتیارانی دەشتی شارەزوورمان وەرگرتووە تەنها بڕی 170 ملیۆن دینارمان بۆ تەرخانكراوە كە بەشی تەنها نزیكەی 20 جوتیار دەكات و ئەوەش بڕێكی زۆر كەمە و هیچ ساڵێك هێندە پارەی كەم بۆ جوتیاران نەنێردراوە.

بەرێوەبەری سایلۆی سەیدسادق ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستا نزكیەی 170 ملیار دینار پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم لای بەغدا ماوە، بەڵام عێراق تەنها سێ‌ ملیار دیناری ناردووە، لە كاتێكدا بە پێی یاسا دەبێت تا كۆتایی مانگی داهاتوو عێراق سەرجەم پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم بنێرێت، لە حاڵەتی نەناردنیشیدا دەبێت پەرلەمانی عێراق لێپێچینەوە لە سەرۆكوەزیرانی عێراق بكات، پێی بڵێن ئێمە ڕێگەمان پێداویت قەرز بكەی بە چ پاساوێك پارەی گەنمی جوتیاران خەرج ناكەی.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this