بەرهەمی گۆشتی سووری خۆماڵی خواستی تەنیا 45 %ی دانیشتووانی هەرێم پڕ دەکاتەوە

0
384

SNN-محەمەد مستەفا

بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵ باس لەوە دەکات لە رووی پێشخستنی سامانی ئاژەڵ و پشت بەستن بە بەرهەمی خۆماڵی لە گۆشتی سور، بەهۆی قەیرانی داراییەوە حکومەت نەیتوانیوە ئەو کەرتە بەرەو پێش بەرێت بەڵام لە ئێستادا کەرتی تایبەت دەیەوێت لە بواری سامانی ئاژەڵ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکات .

سیراج سدیق بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایتی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە SNN ی ڕاگەیاند: لە بەرووبوومی پەلەوەری و گۆشتی سپی بەرهەمی ناوخۆی کوردستان گەیشتۆتە ئاستێک پێشبینی دەکرێت کە لە ساڵی داهاتوودا پێیداویستی ناوخۆی هەرێم پڕ بکاتەوە بەڵام لە سامانی ئاژەڵ و گۆشتی سوردا بەهۆی قەیرانی دارایی نەتوانراوە ئەم کەرتەیان گەشەی پێبدرێت بە جۆرێک لە ئێستادا بەرهەمی سامانی ئاژەڵ و بەتایبەت گوشتی سوری ناوخۆی هەرێم تەنیا 45% ی خواستی دانیشتوانی هەرێم پڕ دەکاتەوە .

وتیشی ” قەیرانی دارایی بە جۆرێک کاریگەری هەبووە لەسەر سامانی ئاژەڵ بە نموونە زۆرێک لەو پڕۆژانەی کەرتی تایبەتیشی لاواز کردووە کە پێشتر لە بواری گاوداریدا کاریان کردووە ئەمە جگە لەوەی حکومەت نەیتوانیوە هیچ پڕۆژەیەک لەو کەرتەدا بخاتە بواری جێبەجێکردن”.

بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتی سامانی ئاژەڵ باسی لەوەشکرد: لە ئێستا بە گوێرەی یاسایەک لە کاتی هاوردەکردنی ئاژەڵی بچووک بەڕێژەی 50% بۆ سەربڕینه و 50% بۆ بەخێوکردنە، بەڵام گەر لە ساڵی داهاتوو کەرتی ئاژەڵداری ناوخۆی گەشەی کرد ئەوا تەنیا بە مەبەستی بەخێوکردن ڕێگا بە هاوردەکردنی ئاژەڵ دەدرێت نەک بۆ سەربڕین.

سیراج سدیق ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە لە ئێستا بە ڕێژەیەکی باش خەڵکی لە کەرتی تایبەت دەیانەوێت وەبەرهێنان لە کەرتی ئاژەڵداریدا بکەن، هەرچەندە بەهۆی قەیرانی دارایی وەزارەتی کشتوکاڵ لە ڕووی دابینکردنی پێداویستی ناتوانێت هاوکاریان بکات، بەڵام لە ڕووی رێکاری ئیداریەوە هاوکار و ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکات .

بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتی سامانی ئاژەڵ رونیشیکردەوە: لەگەڵ بەرەوپێشچوونی سامانی ئاژەڵ لە هەرێم وەزارەتی کشتوکاڵ باجی زۆر و قەدەغەی هاوردە دەخاتە سەر بەرووبوومی ئاژەڵی و گۆشتی سور لە پێناو بەرزکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی و بە بازاڕکردنی گۆشتی سور و بەروبوومی ئاژەڵی.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this