هێڤیدار ئەحمەد: ئەو بڕەپارەیەی كۆمپانیاكانی نەوت وەریدەگرن مافی خۆیانە و هەر بیرە نەوتێك 30 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت

0
208

SNN- عەلی حەمە سەعید
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات “ئەو پەرلەمانتارانەی دەڵێن لە دەرهێنانی نەوت كۆمپانیا پارەی زۆرتری دەستدەكەوێت، راست ناکەن، چونکە ئەو پارەیەی وەریدەگرن مافی خۆیانە.

هێڤیدار ئەحمەد: جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە SNNی راگەیاند: ئەو كۆمپانیایانەی كە لە ئێستادا لە بواری نەوتی هەرێمدا كار دەكەن ئامادە بوون تەحەدای حكومەتی عێراق بكەن و هەنگاوێكی گەورەیان نا لەبواری پێشخستنی كەرتی نەوتی هەرێم لەكاتێكدا كرۆكی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بریتییە لە نەوت، ئەو كۆمپانیایانە بوون كە توانییان نەوتی هەرێم بگەیەننە بازاڕەكانی جیهان و هەرێم بخەنە سەر نەخشەی جیهانی نەوت و وزە.

ئاماژەی بەوەشكرد، كۆمپانیایەكی وەك (تۆتاڵ) لە سەرەتای كاركردنیدا لە گەڕان بەدوای نەوت لە چەند بلۆكێكی نەوت هیچی نەدۆزییەوە و زیانێكی زۆری بەركەوت حكومەتی هەرێمیش هیچ زیانێكی بۆ نەبژارد، بۆیە ئەوەی حكومەتی هەرێم ئەنجامیداوە لە واژوو كردنی گرێبەستە نەوتییەكان لە %100 هەمان ئەو شێوازەیە كە لە وڵاتانی جیهان پەیڕەو دەكرێت، بەجۆرێك حكومەت خۆی پارە خەرج ناكات كۆمپانیاكان پارە خەرجدەكەن لەكاتی فرۆشتنی نەوت ئەو پارەیەی خەرجیان كردووە وەریدەگرنەوە، بە نمونە بۆ هەر بیرە نەوتێك بڕی 30 ملیۆن دۆلار تێچووەكەیەتی ئەو كۆمپانیایانەش مافی خۆیانە ئەو پارەیە وەربگرنەوە.

جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ئەو پەرلەمانتارانەی دەڵێن لە دەرهێنانی نەوت كۆمپانیاكان پارەی زیاتریان دەستدەكەوێت لە حكومەتی هەرێم (ڕاست ناكەن)، چونكە ئەوانە بێ ئاگان و لە مەلەفی نەوتیش نازانن، ئامادەن لەسەر تیڤییەكان لەسەر نەوت و كەرەوز و پیاز و پەیوەندی هەولێر و بەغدا قسە دەكەن، ئەمانە هەیبەتی خۆیان لەدەستداوە، چونكە هیچی لێنازانن.

وتەكانی جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لەكاتێكدایە بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی SNN و بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی لە وەزارەتی دارایی دەستی كەوتوون ئەوە خراوەتەڕوو، تەنها لەمساڵدا حكومەتی هەرێم بڕی زیاتر لە 28 ملیۆن دۆلاری وەك شایستەی دارایی هەر سێ‌ كۆمپانیای گەنەل ئینەرجی و گۆڵف كێستۆن و شاماران خەرج كردووە بەجۆرێك كە گەنەل ئێنێرجی بڕی دوو ملیۆن و 600 هەزار دۆلاریان بۆ هەناردەكردنی نەوت لە كێڵگەی تەق تەق پێدراوە و هاوكات هەشت ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری دیكەشیان بۆ هەناردەكردنی نەوت لە كێڵگەی تاوكێ پێدراوە، هەروەها كۆمپانیای نەوتی گۆڵف كێستۆن بڕی نۆ ملیار و 800 ملیۆن دۆلاریان پێدراوە.

هەر بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی SNN كۆمپانیای شاماران كە لە كێڵگەی ئەتروش كاردەكات، بڕی حەوت ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری وەك شایستە داراییەكانی مانگی ئاب لە حكومەتی هەرێم وەرگرتووە، بەو جۆرەش تەنها لەمساڵدا حكومەتی هەرێم بڕی 28 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری وەك شایستەی دارایی كۆمپانیاكانی نەوت خەرجكردووە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this