دابه‌شبوونى سیاسى عێراق له‌ ئێستادا رێگه‌ به‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل نادات

0
122

SNN – عەلی حەمە سەعید
لەگەڵ ئەوەی لەمساڵدا بە هاوكاری و پاڵپشتی ئەمریكا ژمارەیەك لە وڵاتانی عەرەبی پەيوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایكردەوە،لە ئێستاشدا باس لە ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئیسرائیل دەكرێت، پەرلەمانتارێك ئاماژە بە ئەوە دەكات: “هەلومەرجی سیاسی عێراق رێگە بە بوونی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و عێراق نادات”، پەرلەمانتارێكی پێشووی پارتیش دەڵێت: “ئەگەر لەسەر حسابی گەلی فەلەستین و كورد نەبێت ئاساییە عێراق و ئیسرائیل پەیوەندییان هەبێت”.

د. موسەنا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی راگەیاند: “لە ئێستادا ئەو هەلومەرجە سیاسیە و دابەشبوونەی كە لە عێراق دەگوزەرێت رێگەخۆشكەر نییە بۆ ئەنجامدانی هەنگاوی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئیسرائیل، بۆیە پێناچێت لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەوە رووبدات، بەڵام نازانرێت لە داهاتوودا چی روودەدات”.

وتیشى: “بەگوێرەی ئەو زۆرینەیەی كە لە ئێستادا حكومڕانی عێراق دەكەن هەرگیز بیر لەوەها كارێك ناكەنەوە كە لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندی ببەسەتن، هاوكات فكری نەتەوەیی عەرەبی كە مەبەست لێی سوونەكانن ئەوانیش بناغەیەكی قوڵی نەتەوەییان هەیە و زۆربەیان پێشوازی لەوەها كارێك ناكەن، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی بەزۆرینە ئەوە رەتدەكرێتەوە كە عێراق پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاتەوە”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو: “ئەوەی ناوبەناو باسی لێوە دەكرێت لە دروستكردنی پەیوەندی لە نێوان عێراق و ئیسرائیل ئەو كەس و لایەنانە كە لە خودی ئیسرائیلەوە نزیكن و مەبەستیانە وەها كارێك بێتە ئاراوە، بەڵام بۆچوونی فەرمی حكومەتی عێراقی ئەوەیە كە لەم هەلومەرجەدا ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل كارێكی مەحاڵە”.

ئاری هەرسین، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ SNNی راگەیاند: “هەر كار و رێككەوتنێك لە بەرژەوەندی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت كارێكی باشە بە تایبەت ئەم رێككەوتن و لێ نزیك بوونەوانەی ئیسرائیل دەستپێكردووە، نابێت لەسەر حسابی گەلی فەلەستین بێت، چونكە ئەوە بابەتێكی دیكەیە، سەدان ساڵە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگری لێ هەڵدەستێت و بەشیكی زۆری كێشەكانيشى  پەیوەندی بە گەلی فەله‌ستین و كوردەوە هەیە، بۆیە ئەوەی پەیوەندی بە كورد و فەلەستینەوە هەیە ئەگەر بەشێوەیەكی ئاشتیانە چارەسەر بكرێت بۆ هەموو لایەك باشە”.

وتیشى: “پێم وایە ئەوەی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی ئەنجامی دەدەن لە رێككەوتن و لێكنزیكبوونەوە كارێكی زۆر باشە ئەگەر بتوانن لەگەڵ عێراقیش پەیوەندی دروست بكەن بە هەمان شێوە باشە، بەڵام بەو مەرجەی لەسەر حسابی گەلی كورد و فەلەستین نەبێت، هاوكات دەبێت ئەوەش بزانین كە ئیسرائیل لە ناوچەكەدا ركابەری زۆری هەیە و پێیان خۆش نییە وەها بە ئاسانی لەگەڵ عێراق پەیوەندی ببەستن و گرفتیشی بۆ دروست دەكەن”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this