600 هەزار ڤاكیسنی كۆرۆنا دەگه‌نه‌ عێراق؛ هەرێم پشکی هەیە

0
180

SNN-عەلی حەمە سەعید

هەوڵەكانی وەزارەتی تەندروستی عێراق بۆ دەستخستنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بەردەوامی هەیە و لە نوێترین لێدوانیشدا وەزیری تەندروستیی عێراق ئاشكرایكردووە كە مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو 600 هەزار ڤاكسینی دژە كۆرۆنا دەگاتە عێراق، بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی هەرێمیش دەڵێت: لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق هەماهەنگییەكی باشمان هەیە و بێگومان پشكی ئێمەش لەو ڤاكسینەدا دەبێت.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە SNNی ڕاگەیاند: بەو پێیەی كە عێراق ئەندامی ڕێكخراوی جیهانیی (كۆڤاكسە) كە تایبەت بە دابینكردنی ڤاكسین و سەرپەرشتیی دابەشكردنی ڤاكسین دەكات، لەسەر ئەو بنەمایەش عێراق دەتوانێت بە زووی ببێتە خاوەنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا، هەر لەو چوارچێوەیەشدا كە هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لە عێراق بەدڵنیاییەوە بەشی هەرێمی كوردستانیش دابیندەكرێت وەك هەر ڤاكسینێكی دیكە.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە لە وەزارەتی تەندروستی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق لەپەیوەندیداین‌ هەمیشە جەختمان لەوە كردووەتەوە كە لە حاڵەتی گەیشتنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بۆ عێراق دەبێت و بەشی هەرێمی كوردستان لەو ڤاكسینە پارێزراوبێت و تێكەڵ بە ململانێی سیاسی نەكرێت سەرەڕای هەبونی ناكۆكییەكان لەسەر بودجە، بەڵام نابێت ئەمە ببێتە بابەتی ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغدا.

وتەكانی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە كاتێكدایە كە ڕیاز عەبدولئەمیر، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق بە میدیا عێراقییەكانی ڕاگەیاندووە كە لە مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو یەكەم كاروانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنای كۆمپانیای (فایزەر) دەگاتە عێراق كە بڕەكەی 600 هەزار ڤاكسینە و بۆ 300 هەزار كەس بەدوو قۆناغ بەكاردەهێنرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بە شێوەیەكی گشتی عێراق پێویستی بە 208 ملیۆن دۆلار هەیە و كۆمپانیاكە پێشنیازی فرۆشتنی نۆ ملیۆن ڤاكسینی بۆ عێراق كردووە، كە نرخی هەر ڤاكسینێك بە 12 دۆلارە، بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆكوەزیرانی عێراق فەرمانیكردووە بە وەزارەتی دارایی بۆ دابینكردنی پارەی پێویست بۆ كڕینی ڤاكسینەكە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this