سیناریۆكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی خوێندن لەمساڵدا

0
356

SNN-عەلی حەمە سەعید
لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی پەروەردە و لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا ماوەی دوو مانگە لەسەریەك بڕیاری درێژكردنەوەی داخستنی دەرگای ناوەندەكانی خوێندن دەدەن، بەڵام بە وتەی مامۆستایان ئەمە جۆرێك پەرتەوازەیی لە سیستمی پەروەردە و تەواونەكردنی پرۆگرامەكانی خوێندن دەهێنێتە كایەوە، بەڕێوەبەرێكی گشتی پەروەردەش دەڵێت هەفتەی داهاتوو بڕیار لەسەر كەمكردنەوەی پرۆگرامەكان دەدەین.

بە گوێرەی ئەو ساڵنامەیەی كە وەزارەتی پەروەردە ئاراستەی قوتابخانەكانی كردووە وەك پلانی تەواوكردنی پرۆگرام و دەستپێكردنی تاقیكردوەكان، ساڵانە لە مانگی كانونی یەكەمدا تاقیكردنەوەی وەرزی یەكەم دەستپێدەكات و ئەو وەرزە كۆتایی دێت، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا هیچ وانەیەك نەخوێنددراوە تا تاقیكردنەوەی تیادا بكرێت ئەمەش وادەكات نەتواندرێت ئەو پلانە جێبەجێبكرێت.

حەمزە محەمەد، یەكێك لە مامۆستایانی زمانی كوردی قۆناغی بنەڕەتی بە SNNی ڕاگەیاند: بناغەی فێركردنی قوتابی و ئاشناكردنی بە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن هەمیشە لەگەڵ سەرەتای دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندندا بووە، بەڵام ئەمساڵ كەس نازانێت سەرەتای قوتابخانە كەی دەبێت و چ كاتێكیش كۆتایی پێدێت، بۆیە ئەمە جۆرێك لە شپرزەیی لە پرۆسەی پەروەردەدا دروستكردووە و بەرچاوی مامۆستایان ڕوون نییە ئاخۆ ئەمساڵ خوێندن چ چارەنوسێكی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، تێپەڕبوونی دوو مانگی زیاتر بەسەر دەستپێكردنی خوێندن ماوەیەكی زۆر زۆرە و قەرەبووكردنەوەی كارێكی ئاسان نییە بە تایبەت بۆ ئەو قوتابیانەی كە ساڵی یەكەمیانە و دێنە قوتابیخانە و ئاشنا نین بە پیت و چۆنیەتی وانەكان، بۆیە ئەمەش وادەكات ئەو پلانەی كە وەزارەتی پەروەردە لە ساڵنامەی خوێندن دایناوە دەبێت هەڵوەشێتەوە و ساڵنامەیەكی نوێ‌ دابنێت كە تیایدا ڕەچاوی ماوەی فێربوونی قوتابیان بكات بە تایبەت قوتابیانی پۆلی یەك و دووی بنەڕەتی.

سۆران عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجە بە SNNی ڕاگەیاند: وەزارەتی پەروەردە لیژنەیەكی تایبەتمەندی پێكهێناوە كە پێكدێن لە ڕاوێژكارو بەرێوەبەرەگشتیەكان و كەسانی پسپۆڕ بۆ ئەوەی پلانێكی زانستیانە دابنێن بۆ چۆنیەتی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنن لەسەرەتای ساڵی نوێیوە، هەر ئەو لیژنەیەش پلانی وەزارەتی پەروەردە ئاشكرا دەكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو لیژنەیە لە هەفتەی داهاتوو كۆدەبنەوە و دەستبەكارەكانیان دەكەن و وەزارەتی پەروەردەش بە فەرمی شێوازی دەستپێكردنەوەی خوێندنی ئەمساڵ ئاشكرا دەكات، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەستپێكردنەوەی خوێندن لە خوێندنی بابەتەكانی وەرزی یەكەمەوە دەستپێدەكات چونكە كۆمەڵیچك بابەتی گرنگ هەن لە وەرزی یەكەمدا دەبێت قوتابی بیان خوێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت دەستبە خوێندنی وەرزی دووەم بكات، بەڵام بێگومان بۆ ئەمساڵ پێویستمان بە كاتی زیاتر دەبێت بۆ ئەوەش دەبێت ڕۆژەكانی پشوو كەمبكرێتەوە یان دەوام زیاد بكرێت ئەوەش هەر ئەو لیژنەیە بڕیاری لە بارەوە دەدەن.

ساڵی ڕابردوو بەهۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا كە  25%ی پڕۆگرامی خوێندنی كەمبكاتەوە، بەڵام نازاندرێت ئایا ئەمساڵ پرۆگرامەكان كەمدەكرێنەوە یاخود پشووەكان كەمدەكرێنەوە و دەوام زیاد دەكات، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە ئاخۆ مامۆستایان ئامادەن بەم دۆخەی ئێستاوە كە مووچەیان دواكەوتووە ئامادەن ڕوو لەناوەندەكانی خوێندن بكەنەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this