لە هەرێمی كوردستان لە ساڵێكدا دوو ملیۆن و 628 هەزار تەن خۆڵ و خاشاكی هاووڵاتییان فڕێدەدرێت

0
160

SNN-عەلی حەمە سەعید

بە گوێرەی ئامارەكانی دەستەی ئاماری كوردستان ڕۆژانە لە هەرێمی كوردستان بڕی حەوت هەزاو 200 تەن خۆڵ و خاشاك و پاشماوەی هاووڵاتییان فڕێدەدرێت و كە لە ساڵێكدا دەگاتە بڕی دوو ملیۆن و 628 هەزار تەن، وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاریش ئاماژە بەوە دەكات ئەگەر بە خێرایی چارەسەر بۆ ئەم بابەتە نەدۆزرێتەوە ژینگە و ئاو هەوای كوردستان ڕووبەڕووی كارەسات دەبێتەوە.

بە گوێرەی ئەو ئامارانەی كە دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان سەر بە وەزارەتی پلاندانان بڵاوی كردووەتەوە، و وێنەیەكی لای SNNە ئەوە خراوەتەڕوو، ڕۆژانە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بڕی حەوت هەزار و 200 تەن خۆڵ و خاشاكی هاووڵاتییان كۆدەكرێتەوە و فڕێدەدرێت كە ساڵانە ئەو بڕە دەگاتە دوو ملیۆن و 628 هەزار تەن خۆڵ و خاشاك.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو خۆڵ و خاشاكە بەشێوەیەكی جیاواز بەسەر شارەكان دابەش بوون، بەجۆرێك ڕۆژانە لە پارێزگای هەولێر بڕی دوو هەزار و 800 تەن، لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ڕۆژانە هەزار و 850 تەن ، لە پارێزگای دهۆك ڕۆژانە هەزار و 670 تەن هەبووە، لە ئیدارەی ڕاپەڕین 410 تۆن و لە ئیدارەی گەرمیان 470 تۆن هەبووە كە كۆی گشتی دەكات حەوت هەزار و 200 تۆن خۆڵ و خاشاكی ڕۆژانە.

نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم بە SNNی ڕاگەیاند: هەمیشە یەكێك لەو بابەتانەی بووەتە جێگەی مەترسی بۆ سەر ژینگە و ئاو هەوای كوردستان بوونی ئەو ڕێژە زۆرەی خۆڵ و خاشاكە كە لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە، بۆیە ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەكان بە زووی نەیەنە سەرهێڵ و بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەڵنەستن ئەوا كارەساتێكی ڕاستەقینەی ژینگەیی لە چاوەڕوانی هەرێمی كوردستاندایە.

ئاماژەی بەوەشكرد، زۆر گرنگە لە هەموو شارەكان كارگەی ڕیسایكلین بوونی هەبێت بۆ ئەوەی ئەو خۆڵ و خاشاكەی ڕۆژانە فڕێدەدرێت دوو بارە سودی لێوە بگیرێتەوە لە لایەك لەڕووی ژینگەیی و تەندروستییەوە كارێكی باش دەبێت هاوكات لەلایەكی دیكەشەوە لەڕووی ئابوورییەوە سودی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت، بۆیە ناكرێت لە سلێمانی كارگەی ڕیسایكلین هەبێت بەڵام لە هەولێر نەبێت یان لە دهۆك هەبێت لە هەڵەبجە نەبێت، دەبێت لە هەموو شارەكان ئەو كارگەیە هەبێت بۆ ئەوەی بتواندرێت كۆنترۆڵی دۆخەكە بكەین.

هەرێمی كوردستان ژمارەی دانیشتووانەكەی نزیك بووەتەوە لە شەش ملیۆن و 100 هەزار هاووڵاتی، ئەو ژمارە خۆڵ و خاشاكەش لەگەڵ ستانداردە جیهانییەكان یەك ناگرێتەوە و زۆرترە لە ڕێژەی خۆی كە بەرپرسانی ژینگە هەمیشە هۆشدارییان داوە لەوەی خۆڵ و خاشاك خەریك سروشتی ژیان دەگۆڕێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this