پەنابردنی حكومەتی هەرێم بۆ قەرزكردن هێندەی دیكە دۆخەكە خراپتر دەكات

0
275
لۆگۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و دراوى 10 هه‌زار دینارى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN-عەلی حەمە سەعید
دوای ئەوەی وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەكرد كە بۆ تەواوكردنی دابەشكردنی مووچە ناچارن پەنا بۆ قەرزی 250 ملیۆن دۆلار بەرن، ئەمە كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت متمانەمان بەو داتایانەی حكومەت نییە و شارەزایەكی بواری ئابووریش ئاماژە بەوە دەكات پەنابردنی حكومەتی هەرێم بۆ قەرزكردن دۆخەكە هێندەی دیكە خراپتر دەكات.

عوسمان محەمەد، شارەزای بواری دارایی و ئابووری، بە SNNی ڕاگەیاند: كاتێك حكومەتی هەرێم بۆخۆی داهاتی لەبەردەستدایە و بەڵام لەبەر هەر هۆیەك بێت ئامادە نەبێت داهاتی ڕاستەقینەكەی ئاشكرا بكات بێگومان دەبێت پەنا بۆ قەرزكردن ببات، بەڵام حكومەت بۆ هاوڵاتیان و پەرلەمانیشی ڕووننەكردووەتەوە ئاخۆ ئەو قەرزەی دەیكات ناوخۆییە یان دەرەكی لەكاتێكدا بە پێی یاسا دەبێت پەرلەمان ڕەزامەندی بە حكومەت بدات بۆ قەرزكردن، بۆیە لە هەموو حاڵەتەكاندا حكومەت ئەو قەرزەی دەیكات دەبێت لەماوەیەكی نزیكدا بیداتەوە كە ئەوە لە توانای حكومەتی هەرێمدا نییە بە پێچەوانەشەوە سودی دەچێتە سەر.

ئاماژەی بەوەشكرد، هیچ كۆمپانیایەكی ناوخۆیی یان بیانی ئامادە نییە بێ‌ بەرامبەر قەرزێكی 250 ملیۆن دۆلاری بداتە حكومەت ئەگەر لەبەرامبەردا سود نەچێتە سەر ئەو قەرزە، بۆیە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە حكومەت بەو قەرزەی دەیكات هێندەی دیكە دۆخەكە خراپر دەكات و لە ئێستا قەرزەكانی سەر حكومەت نزیك دەبنەوە لە 29 ملیار دۆلار كە ئەمە ڕێژەیەكی زۆر گەورەیە و هەروەها بەئاسانی نادرێنەوە ئەوە سەرەڕای ئەوەی ئەو قەرزانە ساڵانە سودێكی زۆریان دەچێتەسەر كە هیچ كەس و لایەنێك ئاگاداری وردەكاری ئەم قەرزانە نییە.

شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: ئەو داتا و زانیارییانەی كە حكومەتی هەرێم لەبارەی داهات و پارەی مووچە دەیانخاتەڕوو جێگای متمانە نین، چونكە هیچ وردەكارییەكیان نەخستووەتە ڕوو داهاتی ناوخۆ چەندە بووە داهاتی خاڵە سنورییەكان چەند بووە داهاتی فرۆشتنی نەوت چەند بووە، لە كاتێكدا نزیكەی دوو مانگە مووچە دابەشنەكراوە هێشتا ئەوەندە داهات كەم بووە كە پەنا بۆ قەرزكردن ببرێت كە ئەمە جێگای سەرسوڕمانە.

پێشتریش ئەرشەد لۆلانی، پەرلەمانتاری پارتی و ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان ئەوەی بە SNN ڕاگەیاند بوو كە ئەگەر حكومەت پەنا بۆ قەرز ببات و نەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان ئەوا كارێكی نایاسایی دەكات.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this