“دوو بۆچوونى نێو گۆڕان گرفتى نهوهك تهنیا بۆ پارتى بهڵكو بۆ كۆمەڵگهی كوردیش دروستكردووە”

لۆگۆى پارتى دیموكراتى كوردستان و بزووتنهوهى گۆڕان | فۆتۆ: SNN
SNN – عەلی حەمە سەعید
وتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی سلێمانی – هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدهگهیهنێت: هەرسێ لایەنی پێكهێنەری حكومەت دەبێت وەك یەك ماف و بەرپرسیاریهتی بگرنە ئەستۆ، دهشڵێت: “ئەو دوو بۆچوونهى لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا هەیە گرفتی نەك بۆ تەنیا پارتی، بەڵكو بۆ كۆمەڵگهی كوردیش دروستكردووە”.
فارس نەورۆڵی، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی سلێمانی – هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە SNNی راگەیاند: “هەرسێ لایەنی پارتی یەكێتی بزووتنەوەی گۆڕان كە پێكهێنەری سەرەكی كابینەی حكومەتن، دەبێت هەرسێكیان وەك یەك ماف و بەرپرسیاریهتى بگرنە ئەستۆ، دەبێت تێگەیشتنیان هەبێت بۆ ئهو تەحەدایانەی كە بەرامبەر بە حكومەتی هەرێم دەكرێن و مەبەست لێیان لە قاڵبدانی حكومەتی هەرێمە، لە كاتێكدا ئێمە كەسمان لاریمان لەوە نییە كە لە هەرێم گەندەڵی و نادادی بوونی ههیه، ئێستاش كە بزووتنەوەی گۆڕان بەشێكە لەم حكومەتە دەبێت بە ئەرك و بەرپرسیاریهتی خۆی هەستێت، بەڵام لە ئێستادا ئەوان بوون بە دوو ڕا (بۆچوون)ى جیاواز، مەركەزی حزبەكەیان رایەكی هەیە و پەرلەمانتارەكانیان رایەكی دیكەیان هەیە”.
وتیشى: “ئەم دوو بۆچوونهى ناو بزووتنەوەی گۆڕان نەوهك تەنیا بۆ پارتی، بەڵكو بۆ كۆمەڵگهی كوردستانیش گرفتی دروستكردووە، هاوكات بزووتنەوەی گۆڕانیش بۆخۆیان نازانن لەگەڵ كام بۆچوونەدا بن، لەگەڵ بۆچوونی گردەكەبن یان لەگەڵ پەرلەمانتارەكانیان، بۆیە ئێمە هیوادارین هەندێك دۆخ روودەدەن بەكارنەهێندرێن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، چونكە ئەگەر هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن هەرهەڵوێستێك بنوێنن لەدژی حكومەت لەوانەیە ئاسایی بێت، بەڵام ئاسایی نییە هێزێك خۆی لەناو حكومەت بێت، بەڵام پەرلەمانتارەكانی لەدژی حكومەت هەڵوێست بنوێنن”.
وتەبێژەى ئەنجوومەنی سەركردایەتی سلێمانی-هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەشی خستەڕوو: “ناكرێت وهك ئەوەی لە كابینەی پێشوو روویدا، لەكاتی خۆشیدا بەشدار بن و لەكاتی ناخۆشی و كێشەدا كابینەی حكومەت جێبهێڵن، چونكە ئەگەر ئەوان گرفتێكیان هەیە ئەوا رۆژانە لە ئەنجوومەنی وەزیران سەرۆكوەزیران و وەزیرەكانی دیكەش دەبینن دەكرێت بە گفتوگۆ چارەسەری كێشە و نیگەرانییەكان بكەن، ئێستا ئەزموونی گەلەكەمان تەحەدای لەسەرە و دەبێت بە هەموومانەوە بەرەنگاری ئەو تەحەدایانە ببینەوە، نەوهك دووبەرەكی و دژایەتی یەك بكەین”.
وتەكانی ئەو بەرپرسەی پارتی لە كاتێكدایە كە دوینێ عەبدولڕەحمان موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان SNNى راگەیاند: “ئێمه ناچینە ژێر باری داواكاری هیچ حزبێك كە بە چ ئاراستەیەك كار بكەین، هاوكات بۆ ئەو دۆخەشی كە لە هەرێم دەگوزەرێت لەم چەندە رۆژەدا كۆدەبینەوە و هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین”.
ههر لهوبارهى دروستبوونى دوو بۆچوونى جیاواز لهنێوان بهرپرسانى بزووتنهوهى گۆڕاندا ئهمڕۆ عهدنان عوسمان، وتهبێژى بزووتنهوهى گۆڕان له پهراوێزى كۆنگرهى رۆژنامهوانى خۆیدا كه لهبارهى ناوهڕۆكى كۆبوونهوهى ئهمڕۆى جڤاتى نیشتمانى بزووتنهوهكهیان سازیكردبوو رایگهیاند: “له چهند رۆژى رابردوودا دهستپێشخهرییهك كرا لهنێوان بزووتنهوهى گۆڕاندا بۆ ئهوهى لیژنهیهك پێكبهێنرێت قسه لهگهڵ سهرجهم ناڕازییهكان بكات، دواتر كێشهكان چارهسهر بكرێن”.
لەگەڵمانبە
هەواڵی زیاتر
زۆرترین بینراو
ئەرشیف
دەربارەی ئێمە
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
ئەگەر لەبیرت کرد
-
پەرلەمانتارێكی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوو
2020-08-03
وەرزش
-
دیارترین ئەو 5 یاریزانەی مایەپوچبوون
2020-05-26 -
مباپی بڕیارە چاوەڕوان نەکراوەکەی دا
2020-05-17