“ئەگەر بۆری نەوتی كوردستان بە توركیادا نەڕۆشتایە قەوارەی هەرێمی كوردستان لەناو دەچوو”

0
810

SNN-عەلی حەمە سەعید

جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات لەگەڵ ئەوەی هەندێك خەڵك دەڵێن توركیا دوژمنی كوردە بەڵام ئەوە توركیایە كە ڕازی بووە بۆری نەوتی كوردستان بە خاکەكەیدا تێپەڕێت و بازاڕی نەوتی كوردستان بووەتە بازاڕێكی نێودەوڵەتی، ئەگەریش بۆری نەوتی كوردستان بە توركیادا نەڕۆشتایە قەوارەی هەرێمی كوردستان لەناو دەچوو.

هێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری پارتی و جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە SNNی راگەیاند: زۆرجار كە دەوترێت گەلی كورد دابەشكراوە بەسەر چوار وڵاتدا و قەزیەی كورد لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بووەتە بابەتێكی نێودەوڵەتی هاوكات كۆمەڵێك خەڵك دەڵێن توركیا ڕكابەر و دوژمنی كوردە بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە توركیایە كە ڕازیبووە بۆری نەوتی كوردستان بە خاكەكەیدا تێپەڕێت هەر ئەوەش وایكردووە بازاڕی نەوتی كوردستان ببێتە بازاڕێكی نێودەوڵەتی هاوشێوەی قەزیەی كورد كە بووەتە قەزیەكی نێودەوڵەتی.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو ڕێككەوتنە 50 ساڵییەی كە لە نێوان حكومەتی هەرێم و توركیا واژۆكراوە لەوانەیە هەموو خاڵەكانی رێككەوتنە بەدڵی ئێمە نەبێت سروشتی گرێبەستیش هەروایە مەرج نییە هەموو شتێك هەر لەبەرژەوەندی یەكلادا بێت، بۆیە ئەم گرێبەستە وایكرد كە نەوتی كوردستان بە بازاڕی جیهانەوە ببەستێتەوە، ئەگەر ئەم گرێبەستەش نەبوایە ئێمە تەسلیمی عێراق دەبوین و هەرێمی كوردستان قەوارەكەی لەناو دەچوو.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، هاتنی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان و ڕازیكردنی وڵاتانی جیهان بە ناردنی كۆمپانیاكیان بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لە بواری نەوت وەبەرهێنان بكەن سەلمێنەری ئەوەیە كە سیاسەتی نەوتی هەرێم سەركەوتوو بووە و ئێستاش ئەو كۆمپانیایانە نەوتی كوردستان دەردەهێنن.

وتەكانی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە كاتێكدایە كە شارەزایانی بواری نەوت و وزە و داهات جەخت لەوە دەكەنەوە كە هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە سەركەوتووانە ئیدارەی كەرتی نەوت بدات، هەر بەوهۆیەشەوە پەیوەندییەكانی نێوانی هەرێم و بەغدا تێكچوون و مووچەی چەندین مانگی فەرمانبەرانی هەرێم پاشەكەوتكراوە چەندین مووچەش بە لێبڕین دابەشكراوە ڕۆژانەش هاووڵاتییان بۆ داواكاری مووچەكانیان خۆپیشاندان دەكەن.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this