نزیکەی نیوەی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێم داخراون

0
272

SNN-بڕیار محەمەد

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكانی هەرێم رایگەیاند: داخستنی کەمپی ئاوارەکان بەردەوامە و ئێستا ژمارەی کەمپەکان بۆ 35 کەمپ کەمکراونەتەوە.

عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاریەكان لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكانی سەربە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە SNNی راگەیاند: پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران و داخستنی كەمپەكان لە سنووری هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە پرۆسەكەش تا كۆتایی هاتنی ئاوارە و پەنابەران بەردەوامی دەبێت .

وتیشی: لە سەرەتای هاتنی ئاوارە و پەنابەرەكان بۆ هەرێمی كوردستان سەرەتا 58 كەمپ لە سنووری هەرێمی كوردستان كرانەوە و دواتر قۆناغ بە قۆناغ كەمپەكان داخراو و بەشێكیشیان یەكخران، بۆیە لە ئێستادا تەنها 35 كەمپ لە تەواوی هەرێمی كوردستان بوونی هەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد: نەگەڕانەوەی بەشێك لە ئاوارەكان پەیوەندی بە نەبوونی خزمەتگوزاری و نائارامی ناوچەكانیان هەیە و دڵنیاین ئەگەر ناوچەكانیان جارێكی تر ئارامی بۆ بگەرێتەوە، هەروەها خزمەتگوزاری بۆ بچێت ئاوارە و پەنابەرەكان لە كەمپەكانیش نامێنن .

راشیگەیاند: زۆرترین كەمپ لە ئێستادا لە سنووری پارێزگاری دهۆكە، هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان تەواوی پێداویستیەكانی ژیانی لە نێو كەمپەكان بۆ ئاوارە و پەنابەرەكان دابین كردوە .

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this