لە هەولێر مۆڵەتی خۆپیشاندان بە چەند لایەنێکی چەپڕەو نەدرا

0
570

SNN- بڕیار محەمەد
بڕیار بوو ئەمڕۆ سێشەممە هەریەكە لە حزبەکانی زەحمەتكێشانی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان، بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان بەمەبەستی داوكاری هاووڵاتیان و خراپیی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران  گردبوونەوەیەك ئەنجامبدەن، بەڵام لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر رەتیكردوە مۆڵەت بە خۆپیشاندانەكە بدات و ئەمەش نیگەرانی ئەو سێ لایەنەی لێَكەوەتەوە .

ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە شاری هەولێر كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان بە نوێنەرایەتی هەر سێ لایەنەكە رایگەیاند “ئێمە بە نیازبووین سبەینێ چوارشەمە بەمەبەستی گەیاندنی داخوازییەكانی هاووڵاتیان گردبوونەوەیەكی هێمنانە لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامبدەین و یاداشتێكیشیان ئاراستە بكەین” .

وتیشی: “بەڵام  لەلایەن  لیژنەی ئەمنی لە پارێزگای هەولێر مۆڵەتیان نەدا ئێمە گردبوونەوەكەمان ئەنجامبدەین لە كاتێکدا خەڵكان و حزبی تر هەیە بەبێ مۆڵەت گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجامدەدات” .
کاوە مەحمود ئاماژەی بەوەشكرد “ئەمڕۆ لێرەوە ئەو یاداشتەی كە بڕیار بوو بەیانی ئاراستەی حكومەتی بكەین دەیخینەڕوو”.

دەقی یاداشتەكە .

یاداشتێكی هاوبەشی لێژنەی هەماهەنگی چەپی كوردستان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان
بەرێزان!
رۆژ لە دووای رۆژ ئەو گرفت و قەیرانە سەرانسەرییەی دووچاری خەڵكی زەحمەتكێش و كەمدەرامەت دەبێتەوە، لە زیادبووندایە. قەیرانەكان سەرجەم بوارەكانی حوكمرانی و ڕەوشی سیاسی ناوخۆیی گرتۆتەوە. چەندین ساڵە لاوازی دامەزراوەیی و بەردەوامبوونی دیاردەی دوو ئیدارەیی و بەفیرودانی سامانی نیشتمانی و نەبوونی كونترۆڵی پێویست لە دەروازە سنوورییەكان و زیادبوونی قاچاخچێتی تیایدا، و نەبوونی چاكسازی پێویست و شەفافیەت لە بەرێوەبردنی كارەكاندا بەتایبەتی لە بواری ئابوری فراوانتر دەبێت، و بواری كارەبا و خزمەتگوزارییەكان دەگرێتەوە، لە كاتێكدا دەیان هەزار كەس ئەم سیاسەتەیان ڕەتكردۆتەوە، جگە لە كێشەكانی سیستمی تەندروستی و زیادبوونی نەخۆشخانەی تایبەت و زیادكردنی باج و خەراج لە سەر خەڵكیدا.
ئەم دیاردانەی لە سەرەوە باسمان كردن، و چەندین بابەتی دیكە، هاوكاتە لە گەڵ نەبوونی موچە و پەككەوتنی چالاكی ئابوری و ناسەقامگیری سیاسی و نەبوونی سیاسەتێكی یەكگرتووی حكومەتی هەرێم بۆ مامەلەكردن لە گەڵ پێشهاتەكاندا.
ئێمە لە لێژنەی هەماهەنگی چەپی كوردستان كە لە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان و بزوتەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان پێك هاتووە، پێمان وایە یٔیتلافی حوكمڕان و فەلسەفەی حوكمرانی پێشتری حكومەتی هەرێم بە پلەی سەرەكی بەرپرسن بەرامبەر بوون و بەردەوامبوونی ئەم قەیرانەی كە دووچاری هەرێمی كوردستان دەبێتەوە، و لەم ڕوانگەیەوە جەخت لە سەر ئەم خاڵانەی خوارەوە دەكەینەوە:
1ـ بەرپرسیاری حكومەتی هەرێم بەرامبەر خەڵك لە دابینكردنی ژیانی پڕ كەرامەت و مسۆگەركردنی موچە و دابینكردنی سەقامگیری سیاسی.
2ـ بوونی یەك هەڵوێستی یەكگرتووی كوردستانی لە بواری مامڵەكردن لە گەل بەغدا و دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و سەرجەم ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە مادەی 140 و مافی پێشمەرگە و بابەتە دەستورییەكان هەیە. ئێمە بە هیچ شێوەیك نامانەوێت هەر وەفدێكی كوردستانی لە بەغدا لە پێگەیەكی لاواز بێت و تەنازولات بكات، لە هەمان كاتدا هەر وەفدێك لەو جۆرە لە ئاكامی سەقامگیری سیاسی ناوخۆیی كوردستانی و بە گوێگرتنی حكومەت لە داواكارییەكانی خەڵك بەهێز دەبێ و بەرامبەر حسابی بۆ دەكات.
3ـ پێداچونەوە بە سیاسەتی ئابوری و ڕاگرتنی هەنگاوەكانی بەتایبەتكردن لە كارەبا و خزمەتگوزارییەكان و هەمواركردنی یاسای وەبەرهێنان و كونترۆڵكردنی دەروازە سنووریەكان، و پێداچونەوە بە گرێبەستەكانی نەوت.
4ـ پاراستنی ئازادییە دیموكراسییەكان لە بواری ڕادەڕبڕین و مانگرتن و خۆپیشاندان، و ڕێگا نەدان بە هەڕەشەكردن و گرتنی هیچ هاووڵاتییەك بە هۆی ئەم مافانە كە سەرەكیین و ناكرێ بە بێپاكی و وەك بابەتێكی ئاسایش مامەڵەی لە گەڵدا بكرێت.
5ـ ئەنجامدانی چاكسازی ڕاستەقینە لە بواری ئیدارە و حوكمڕانی و نەهێشتنی گەندەڵی و دیاردەكانی بە فیڕۆدانی سامانی نیشتمانی، بە جۆرێك پێناسەكردنی چاكسازی یەكسان نەبێت بە كەمكردنەوەی موچە، بەڵكو بە دەربازبوون لە ئابوری بەرخۆر و پەیداكردنی سەرچاوەی نوێ و بەرهەمدار بۆ داهاتی ئابوری نیشتمانی كوردستان.

بەریزان!
ئەم خاڵانەی باسمان كردن، و چەندین بابەتی دیكە كە پێشتر بۆ چاكردنی ڕەوشی سیاسی و ئابوری خستومانەتە ڕوو، پێویست بەوە دەكات ئیتلافی حوكمڕان گوێ لە داواكانی جەماوەر بگرێت، و بە بێ منەت و بێ بایەخییەوە مامەڵەی لە گەڵدا نەكات، و نەخشە و پلانی گونجاو بۆ چارەسەركردنی گرفت و كێشەكان دابنێت، و مەشروعیەتی ڕاستەقینەی هەر دەسەڵاتێك لە بەدەمهاتنەوە و بەرپرسیاری خۆی بەرامبەر ناوەندی فراوانی جەماوەرەوە مسۆگەر دەبێت پێش ئاكامەكانی سندوقی هەڵبژاردن.
لە كۆتایی دا ئێمە وای دەبینین،كە ئەگەر ئیرادەیەكی بەهێز بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان هەبێ؛ ئەوا كێشەكانی هەرێمی كوردستان، هەر لە هەرێم چارەسەر دەبێ.

لێژنەی هەماهەنگی چەپی كوردستان
ـ حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
ـ حزبی شیوعی كوردستان
ـ بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان
8/12/2020

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this