خۆپیشاندانەکان هێندەی تر جوڵەی ئابووری بازاڕەکانیان پەکخستووە

0
326

SNN-محەمەد مستەفا

نەبوونی مووچە و قەیرانی دارایی جوڵەی بازرگانی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانی بە ڕادەیەکی زۆر لاواز کردووە، لە ئێستاشدا خۆپیشاندانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی هێندەی تر ئەو جوڵە ئابووریەی  لاوازتر کردووە و دوکاندار و خۆپیشاندەرانیش پێشبینی ئەوە دەکەن تا حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی بەغدا نەگاتە ڕێکەوتی کۆتای لەسەر مووچە ، ئەوا ئەم دۆخە چەق بەستووە ئابووریە و ناڕەزای هاووڵاتیان  بەردەوام دەبێت .

” ماوەی 5 ڕۆژە دوکانم وەک پێویست نەکردۆتەوە “

جێگر محەمەد دوکاندارێکی بازاڕی ڕانیە بە snn ی راگەیاند: لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندان و گرژیەکانی ئەمجارەی ڕانیە بۆ ماوەی 5 ڕۆژە تەنیا لە بەیانیان توانیومە دوکان بکەمەوە، چونکە دوای نیوەڕۆیان بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە ناچار دەبین دوکانەکان دابخەین .

ئەو دوکاندارە دەشڵێت “داخستنی دوکانیش بۆ ئەوانی دوکاندارن زیانی گەورەیە چونکە زۆربەی دوکاندارەکان کرێی مانگانەی دوکانەکانیان لە نیوان 700 هەزار دینار بۆ زیاتر لە 1 ملیۆن دینارە بە گشتی ئەو گرژیانە هێندەی تر جوڵەی بازاڕی پەکخستووە “.

” دەکرێت خۆپیشاندان بکرێت و دوکان و بازاڕیش دانەخرێن “

ئاکام محەمەد گەنجێکی خۆپیشاندەری ڕانیەیه و بە SNN ی راگەیاند: داواکارم خۆپیشاندانی هێمانە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی هیچ کەس خوێنی نەڕژێت و هەمیش دوکان و بازاڕەکان دانەخرێن، بەڵام بەگشتی چارەسەری ئەم دۆخە تەنیا ڕێکەوتنی کۆتایی حکومەتی هەرێمە لەگەڵ بەغدا لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران لە هەموو مانگیدا “.

” خۆپیشاندان بەوەرهێنانی بیانی و ناوخۆی لە هەرێم دوور دەخاتەوە “

دکتۆر نیهاد خالید پسپۆڕ و شارەزای ئابووری بە SNN ی راگەیاند: “خۆپیشاندان جوڵەیەکی سیاسیە، هەر جوڵەیەکی سیاسیش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووری هەیە، کاتێک خۆپیشاندان له هەرێمی کوردستان هەبێت دەبێتە هۆی لاوازی کەرتی ئابووری، ئەمەش وا دەکات وەبەرهێنانی بیانی و ناوخۆیش لە هەرێمی کوردستان پاشەکشە بکات، لە کاتێکدا کە بەهۆی قەیرانی دارایی لە ئێستا لە هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەختی ئابووریدا تێپەڕ دەبێت”.

ئەو شارەزایەی بواری ئابووری باس لەوەش دەکات: “بوونی خۆپیشاندان وا دەکات سەرمایەدارانی ناوخۆ کەمترین پارە بخانە بازاڕەوە چونکە ترسی لە دۆخی سیاسی و ئەمنی دەبێت ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری خراپی لەسەر جوڵەی بازاڕەکان دەبێت”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this