وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک: رێكکه‌وتنى هاوشێوه‌ى شه‌نگال له‌ كه‌ركوك مه‌حاڵه‌

0
126
کەرکوک

SNN-سیروان حه‌سه‌ن

وتەبێژی پۆلیسى كه‌ركوك ئه‌و دەنگۆیانە ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ باسلەوەدەکەن ئەگەری هەیە رێککەوتنێکی هاوشێوه‌ى شه‌نگال سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ى ئه‌منى له‌ كه‌ركوكیش بكرێت و دەشڵێت: “له‌ سه‌‌ره‌تاى ساڵى داهاتوو پۆلیسى خۆجێى كه‌رکوك به‌ ته‌نیا دۆسیه‌ى ئه‌منى پارێزگاکە ده‌گرێته‌ ده‌ست”.

عامر نورى وته‌بێژى پۆلیسى كه‌ركوك به‌  SNNى راگه‌یاند: دۆسیه‌ى ئه‌منى هه‌موو شاره‌كانى عێراق وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌ له‌ هێزه‌كانى دیكه‌ و بڕیارى له‌باره‌وه‌ دراوه‌ ڕاده‌ستى پۆلیسى خۆجێى پارێزگاكان ده‌كرێت. پۆلیسى كه‌ركوك له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى نوێ تاوه‌كو مانگى نیسانى 2021 دۆسیه‌ى ئه‌منى شاره‌كه‌ وه‌رده‌گرێته‌وه‌.

وتیشى: هاوشێوه‌ى سه‌رده‌مى پێش 2003، دۆسیه‌ى پارێزگاكان راده‌ستى پۆلیس ده‌كرێت و ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كانیش سوپاى عێراق و هێزه‌كانى دیكه‌ی تێدا جێگیر ده‌بێت.

عامر نورى باسیشى له‌وه‌كرد: رێكکه‌وتنه‌كه‌ى شه‌نگال گشتگیر ناكرێت، مه‌حاله‌ بۆ كه‌ركوك دوباره‌ بكرێته‌وه‌، چونكه‌ له‌‌ شه‌نگال په‌كه‌كه  ‌و هێزى عێراقى و چه‌ند هێزێكى دیكه‌ هه‌یه‌ و كێشه ‌و گرفت له‌ نێوان هێزه‌كان هه‌بووە، بارودۆخى ئه‌و ناوچه‌یه‌ جیاوازه‌ و وه‌كو كه‌ركوك نییه‌. ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ش باس له‌ رێکكه‌وتنى هاوشێوه‌ ده‌كرێت بۆ كه‌ركوك دوورن له‌ راستیه‌وه‌ و پرسی له‌و جۆره‌ باس نه‌كراوه‌.

وته‌بێژى پۆلیسى كه‌ركوك رونیشیكرده‌وه‌: كه‌ركوك وه‌كو هه‌ر شارێكى دیكه‌ى عێراق دۆسیه‌ى ئه‌منیییه‌كه‌ى به‌ ته‌نیا راده‌ستى پۆلیس ده‌كرێت. له‌ چه‌ند هه‌فته‌ى رابردووش بازگه‌كانى شاره‌كه‌یان راده‌ستكراوه‌ته‌وه‌ و له‌ داهاتووش هه‌موو دۆسیه‌ى ئه‌منى كه‌ركوك وه‌رده‌گرنه‌وه‌.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this