پاش 2 مانگ و نیو ده‌رگاى سه‌نته‌ر و هۆڵه‌ وه‌رزشییه‌كانى هه‌ولێر کرانەوە

0
589
هۆڵی لەشجوانی

سه‌نگه‌ر زرار-SNN SPORT

 

به‌هۆى داخستنى سه‌نته‌ر و هۆڵه‌كانى تایبه‌تمه‌ند به‌وه‌رزش و یارى له‌شجوانى و له‌شڕێكى له‌شارى هه‌ولێر و ده‌ورووبه‌رى زیانى زۆر به‌رخاوه‌نه‌كانیان كه‌وت به‌تایبه‌ت له‌لایه‌نى دارایی و زیان و كاریگه‌رى خۆشى به‌جێهێشت له‌سه‌ر یاریزانانى یاری له‌شجوانى و هه‌موو ئه‌وانه‌ى بۆ له‌شڕێكى خۆیان و وه‌رزشكردن و دابه‌زاندنى كێشیان روویان له‌سه‌نته‌ر و هۆڵه‌كان كردبوو، پاش نزیكه‌ى 2 مانگ و نیو له‌داخستنیان، ئه‌مڕۆ 11ى ئایارى 2020 به‌شێوه‌یه‌كى فه‌رمی دوابڕیار له‌سه‌ر كرانه‌وه‌ى هۆڵ و سه‌نته‌ره‌ وه‌رزشییه‌كانى نێو شارى هه‌ولێر و ده‌ورووبه‌رى درا كه‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا (كۆڤید 19) به‌بڕیارى پارێزگاى هه‌ولێر داخرابوون.

له‌باره‌ى چۆنێتى كرانه‌وه‌ى سه‌نته‌ر و هۆڵه‌ وه‌رزشییه‌كان و رێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان، دانا جومعه‌ حه‌سه‌ن سه‌رۆكى لیژنه‌ى باڵاى پارێزگاى هه‌ولێر و به‌رپرسى هۆڵ و سه‌نته‌ره‌ وه‌رزشییه‌كانى شارى هه‌ولێر له‌یارى له‌شجوانى، له‌لێدوانێكیدا بۆ تۆڕى هه‌واڵى سلێمانى (SNN SPORT) وتى:” سه‌ره‌تا رێنماییه‌كان كه‌مێك قورس بوو كه‌ ده‌بوو یاریزان به‌ژماره‌ و كاتژمێرى دیارى كراو و به‌پێى رووبه‌رى شوێنه‌كه‌ بچێته‌ ژووره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ تاوتوێى رێنماییه‌كانمان كرد و ئاسانكاریمان تێدا كرد، چونكه‌ له‌ناو مانگى ره‌مه‌زاندا كه‌مێك ئه‌سته‌م ده‌بێت و خه‌ڵك به‌ڕۆژ ناتوانێت و به‌شه‌و دێنه‌ هۆڵه‌كان و 4 تا 5 كاتژمێریان له‌به‌رده‌سته‌، یاریزانێكى زۆر كه‌ پێشتر له‌كاته‌ جیاوازه‌كانى رۆژدا روویان له‌هۆڵه‌كان ده‌كرد، ئێستا هه‌مووى له‌یه‌ك كاتدا دێت، بۆیه‌ رێنمایی ئه‌وه‌ دانراوه‌ كه‌ دیتۆڵ و جه‌ڵ بۆ پاككردنه‌وه‌ى ده‌ست و ئامێره‌كان و زه‌وى شوێنه‌كه‌ به‌كاربهێنرێت و پێوه‌رى گه‌رمى له‌ش-یش دابنرێ  تا ئه‌وكه‌سانه‌ى روو له‌و شوێنانه‌ ده‌كه‌ن له‌به‌رده‌م ده‌رگاى ده‌ره‌وه‌ دا ده‌ستیان پاكبكه‌نه‌وه‌ و پێوه‌رى گه‌رمى له‌شیان بۆ بكرێ، ئێمه‌ وه‌كو سه‌نته‌ر و هۆڵه‌كان پابه‌ندى ئه‌و رێنمایانه‌ بووینه‌، به‌ڵام داواكارین له‌گشت خاوه‌ن هۆڵه‌كان و ئه‌و یاریزانه‌ى هه‌موو هه‌وڵیان ئه‌وه‌بوو هۆڵه‌كان بكرێته‌وه‌، با ئه‌وان ئه‌مجاره‌ پابه‌ندبن و هه‌وڵ بده‌ن كه‌مێك دوابكه‌ون له‌یارى كردن و هه‌مووى له‌یه‌ك كاتدا كۆنه‌بنه‌وه‌، چونكه‌ كاته‌كان زیادكراوه‌ و ده‌توانى له‌ 8ى به‌یانى تا 3ى شه‌و هۆڵ بكه‌یته‌وه‌ و كاته‌كه‌ دیارى كراو نیه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هاوكارى خۆیان و خاوه‌ن هۆڵه‌كان بن و خۆیان بپارێزن، زۆر ئاساییه‌ كاتژمێر 12 یان 1ى شه‌و بچن بۆ هۆڵه‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هۆڵه‌كان كراوه‌ن و قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆش نیه‌، ئه‌گه‌ر هه‌مووشیان به‌یه‌كه‌وه‌ بێنه‌ هۆڵه‌كه‌ كه‌لوپه‌له‌كان به‌ش ناكات”.

“لیژنه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ریان ده‌سوڕێته‌وه‌ و لێپێچنه‌وه‌ى خۆى ده‌كات”

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى (ئاخۆ پاش كرانه‌وه‌یان حكومه‌ت چاودێرى هۆڵ و سه‌نته‌ره‌كان ده‌كات و ئه‌گه‌ر ئه‌وان پابه‌ند نه‌بن چ لێپێچینه‌وه‌یه‌كیان له‌به‌رامبه‌ردا ده‌كرێت)؟، دانا جومعه‌ وتى:”  چه‌ند رۆژێكى تر لیژنه‌ له‌سه‌ر هۆڵه‌كان ده‌سوڕێته‌وه‌ و ته‌ماشاده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر هه‌موو پابه‌ندبن و كاره‌كان به‌ڕێكوپێكى ده‌ڕواو هۆڵه‌كان ده‌پارێزن ئه‌وه‌ بۆ هه‌مووان باشه‌ و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێ، هه‌ر له‌ڕێگه‌ى ئێوه‌شه‌وه‌ ئێمه‌ داوا له‌خاوه‌ن هۆڵه‌كان ده‌كه‌ین به‌زووترین كات پابه‌ندبن به‌ رێنماییه‌كانى ته‌ندروستى بۆ ده‌رهێنانى مۆڵه‌تى ته‌ندروستى و مۆڵه‌تى پیشه‌ییان یان نوێكردنه‌وه‌ى، چونكه‌ لیژنه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ریان ده‌سوڕێته‌وه‌ و لێپێچنه‌وه‌ى خۆى ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ زۆرینه‌یان مۆڵه‌تیان هه‌یه‌ و به‌شێكى كه‌مى ماوه‌ كه‌ به‌په‌نجه‌ى ده‌ست ده‌ژمێردرێن”.

“هیچ لایه‌نێك نه‌یتوانى قه‌ره‌بوویان بكاته‌وه‌”

دواجاریش سه‌باره‌ت به‌قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى خاوه‌ن هۆڵ و سه‌نته‌ره‌كان، وتى:” له‌باره‌ى لێخۆشبوون له‌پاره‌ى ئاو و كاره‌با و باجى حكومه‌ت تائێستا هیچ شتێكى فه‌رمیمان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌، سه‌باره‌ت به‌كرێى هۆڵه‌كان 95%ى خاوه‌ن هۆڵه‌كان كرێچین و تاڕاده‌یه‌ك تووشى كێشه‌ بوونه‌ و به‌شێك له‌خاوه‌ن مو‌ڵكه‌كان 25% یان نیوه‌ یان سێ به‌شى پاره‌كه‌ له‌هه‌قى خۆى خۆش بووه‌ هه‌یانه‌ داواى هه‌مووى ده‌كات، به‌گشتى هۆڵه‌كان زیانیان زۆر به‌ركه‌وت و پاره‌ى كاره‌با و ئاو و مۆلیده‌ و شوێنه‌كه‌یان كه‌وته‌سه‌ر و هیچ لایه‌نێك نه‌یتوانى قه‌ره‌بوویان بكاته‌وه‌ و ئێمه‌ زۆرجار گوێمان له‌وه‌ ده‌بوو كه‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان له‌سه‌ر هێڵن تا هه‌وڵ بدرێ لێخۆشبوون هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى بیستوومه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ته‌نها له‌خاوه‌ن ئه‌و شوێنانه‌ خۆش بووه‌ كه‌ موڵكى خۆیه‌تى و ئه‌وه‌ شموڵى كه‌رتى تایبه‌تى نه‌كردووه‌”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this