سەپاندنی سزا بەسەر توركیا كاریگەری راستەوخۆ لەسەر كەرتی بازرگانی هەرێم جێدەهێڵێت

0
436

SNN-عەلی حەمە سەعید

دوای ئەوەی ئەمەریكا و یەكێتی ئەوروپا لە هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر توركیادا و هاوكات بەهۆی لەدەستدانی نرخی لیرەی توركی و ئەو پەیوەندییە بازرگانییەی كە لە نێوان هەرێم و توركیادا هەیە، بەوتەی شارەزایانی بواری دراو دارایی ئەم سزایانە كاریگەری ڕاستەوخۆ و ئەرێنی لەسەر كەرتی بازرگانی هەرێم دەبێت.

زریان ڕەوف، شارەزا لە دراوە بیانییەكان و كاروباری دارایی بە SNNی ڕاگەیاند: سەپاندنی سزا بەسەر توركیادا ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر دراوی لیرەی توركی جێهێشتووە بەڵام هێشتا ئەو كاریگەرییە نەبوو كە ئێمە لە چاوەڕانیدا بووین بە جۆرێك لە ئێستادا 100 دۆلاری ئەمەریكی بەرامبەرە بە 785 لیرەی توركی لە كاتێكدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا 100 دۆلار بەرامبەر بوو بە 770 لیرە ئێمە پیشبینیمان دەكرد كە بگاتە سەروو 800 لیرە بە دڵنیایشەوە لە ڕۆژانی داهاتوو نرخی لیرە زیاتر دادەبەزێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە ئەوەیە كە پەیوەندییەكی بازرگانی باش لە نێوان توركیا و هەرێم هەیە ڕۆژانە هەزاران تەن كاڵاو شمەك لە توركیاوە هاوردەی هەرێم دەكرێت، كاتێك بازرگانانی هەرێم دۆلاریان پێیە و دەیگۆڕنەوە بە لیرە ئەگەر كاڵاكان بە لیرە بكڕن ئەوا ئەم سزایانە لەبەرژەوەندی بازرگانانی كورد دەشكێتەوە بەڵام ئەگەر مامەڵە بە دۆلار بێت كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا سەپاندنی هەر سزایەك بەسەر توركیا كاریگەری ڕاستەوخۆی بەسەر كەرتی بازرگانی نێوان هەرێم و توركیا دەبێت.

ئەو شارەزایەی بواری دراو دارایی ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر لەپاڵ دابەزینی نرخی لیرەی توركی كاڵاو شمەكی توركیش نرخەكانیان بەرز نەكرێتەوە ئەوا جارێكی دیكە ئەم دابەزاندنە هەر لە بەرژەوەندی ئێمە دەبێت، بەڵام ئەگەر هاوشێوەی ئێران لەبەرامبەر دابەزینی نرخی تەمەن نرخی شمەك و كاڵاش بەرز بێتەوە ئەوا سودێكی ئەوتۆمان پێناگات، بۆیە هەموو وڵاتێك سیاسەتی تایبەت بەخۆی هەیە لە بواری بەڕێوەبردن و مامەڵەی بازرگانیدا و ئێمەش زۆرجار كە پێشبینی دەكەین لە ئەگەری زیاتر دابەزین یان بەرزبوونەوەی دراوەكان ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ لایەنی سیاسی دەكرێت بە بڕیارێكی سیاسی هەموو پێشبینیەكان پێچەوانە ببنەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this