وەچەی ئاژەڵە کێویەکان لە هەرێمی کوردستان ڕوویان لە زیادبوونە

0
892

SNN-محەمەد مستەفا

بەراورد بە 15 ساڵ لەمەوبەر، لە ئێستادا ژمارە و وەچەی ئاژەڵە کوێیەکان لە هەرێمی کوردستان روویان لە زیادبوون کردووە، ئەم زیادبوونەش دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە کە یەکێکیان چۆڵبوونی گوندەکان و هۆکارەکەی تریش چاودێری تیمەکانی پۆلیسی ژینگە و دارستانە لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی دیاریدەی ڕاوکردن و پاراستنی ئاژەڵ و باڵندە کێویەکان .

” ڕاوکردن بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و ئاژەڵەکان ژمارەیان زۆر زیادی کردووە “

قادر حەسەن دانیشتووی بناری قەندیلە لە سنووری قەزای پشدەر بە SNNی راگەیاند: پێش 15 ساڵ لەمەوبەر گوندەکان قەرەباڵغ بوون و لەناو دانیشتووانی ئەو گوندانەی سنووری پشدەر ڕاوکردن وەک خولیا و حەزێکی لێهاتبوو بەو هۆیەوە زیانی زۆر بەر ئاژەڵەکانی وەک (حەیوانە کێوی (ئاسک)، کوڕە بەشە (چوالو)، سیخوڕ) کەوتبوو ژمارەیان زۆر کەم ببۆوە، ئەمە جگە لە ڕاوی باڵندەکەیان کە ڕۆژانە بە دەیانیان لێ ڕاو دەکرا.

قادر حەسەن باس لەوەش دەکات ” ئەوەی ئێستا وەک دانیشتووانی گوندەکانی بناری قەندیل تێبینیان کردووە ژمارە و وەچەی ئاژەڵە کێویەکان ڕوویان لە زیادبوون کردووە، چونکە ئێستا گوندەکان بەرەوچۆڵبوون چوون و هاوکات دیاریدەی ڕاوکردن بەو شێوەی ساڵانی رابردوو باوی نەماوە، ئەمە جگە لەوەی ئێستا مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان راوچیەکان دەستگیر دەکەن، ئەمەش هۆکارێکی گرنگە بۆ پاراستی ئاژەڵە کێویەکان”.

” ژمارەی بزن و کەڵە کێویەکان لە 8 دانەوە گەیشتۆتە نزیکەی 200 بزن و کەڵە کێوی “

عەمید هێمن کەمەرخان بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی و دارستانی ژینگەی پارێزگای سلێمانی بەSNNی ڕاگەیاند: لە ماوەی 12 ساڵی رابردوو لەگەڵ درووستبوونی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگە لە هەرێمی کوردستان و ڕێگریکردن لە دیاردەی ڕاوکردن ڕۆژ بەدوای رۆژ ژمارەی ئاژەڵی کێوی باڵندەکان روویان لە زیادبوون کردووە، بە تایبەت دوای ئەوەی سزای قورسی راوکردن بۆ سەرپێچیکاران دیاریکرا .

وتیشی ” ئێستا هاووڵاتییان ڕۆشنبیری ژینگەییان زۆر بەرزترە لە ساڵانی رابردوو، بە نموونە کاتێک کەسێک لە ناوچەیەک دەیەوێت ڕاوبکات ئەوا هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە مەفرەزەکانی ئەوان ئاگادار دەکەنەوە، ئەمە جگە لەوەی ئەوان لە چەندین شاخ و دەشتەکانیش حەوزی ئاویان بۆ ئاژەڵە کێویەکان دروستکردووە و بە کامێرای نهێنی وێنەیان گرتووە کە چەندین ئاژەڵ سودیان لە ئاوی ئەو حەوزانە بینیوە بۆ خواردنەوە ”

هێمن کەمەرخان باس لەوەش دەکات: گەر بە نموونەیەک باس لە زۆربوونی ئاژەڵە کێویەکان بکرێت ئەوا پێش بڵاوبوونەوەی مەفرەزەکانی پۆلیس و دارستانی ژینگە لە سنووری قەزای دەربەندیخان تەنیا نزیکەی 8 بزن و کەڵە کێوی دەبینران بەڵام ئێستا ژمارەیان گەیشتۆتە نزیکەی 200 بزن و کەڵە کێوی.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this