شاندی باڵا حكومەتی هەرێم لەگەڵ پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا لە كۆبوونەوەدان

0
338

SNN – عەلی حەمە سەعید
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: لە ئێستادا شاندی حكومەتی هەرێم لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەوەدان بە مەبەستی پێدانی زانیاری بە نوێنەرانی كورد و بەردەوامی هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن.

مەیادە نەجار، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە SNNی راگەیاند: “بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی دواین پێشهاتەكانی گفتوگۆكانی نێوان شاندی باڵای حكومەتی هەرێم و بەرپرسانی حكومی و حزبی عێراق، لە ئێستادا شاندی حكومەتی هەرێم لەگەڵ پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆبوونەوەدان”.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كه‌ خۆى یه‌كێكه‌ له‌ به‌شداربووه‌كانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ وتیشى: “تا ئێستا هەوڵەكان بەردەوامە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر ئەو كێشە و گرفتانەی كە بوونەتە رێگر لەبەردەم گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن شاندەكەوە زانیاری پێویست دەدرێتە نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق”.

ماوەی هەفتەیەكە شاندى باڵای حكومەتی هەرێم بە سەۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت لە بەغدان و چەندین كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومی و حزبی عێراقی ئەنجامداوە بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا.

له‌و باره‌یه‌وه‌ قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و سه‌رۆكى شاندى باڵاى هه‌رێم رۆژى دووشه‌ممه‌ 14ى كانونى یه‌كه‌م، له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: “من زۆر لێدوانى جیاوازم له‌باره‌ى گفتوگۆكانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا گوێلێده‌بێت، به‌ڵام راستییه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ هاتووین بۆ جێبه‌جێكردنى یاساى پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى دارایی، سه‌ره‌ڕاى تێبینییه‌ زۆره‌كانمان له‌سه‌رى ئه‌م یاسایه‌ پێمان ده‌ڵێت: داهاتى نه‌وتى راده‌ستبكه‌ین، ئێمه‌ وتوومانه‌ حازرین، پێمان ده‌ڵێت: داهاتى نانه‌وتى راده‌ستبكه‌ین، ئێمه‌ حازرین ئه‌وه‌ش بكه‌ین، ئێستا ئێمه‌ چاوڕێى حكومه‌تى عێراقین بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه‌ و پێمانبڵێن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ پشكى ئێمه‌ ده‌بێته‌ چه‌ند”.

وتیشى: “ئه‌م گفتوگۆیه‌ به‌رده‌وامه‌، زۆرجار ده‌بیستم ده‌ڵێن: ئه‌م گفتوگۆیه‌ شكستیهێناوه‌ یان وه‌ستاوه‌‌، ئه‌م گفتوگۆیه به‌رده‌وامی ده‌بێت تاوه‌كو بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێك، دڵنیاشم گفتوگۆكانمان ده‌گه‌نه‌ ئه‌نجامێكى سه‌ركه‌وتوو”.

سه‌رۆكى شاندى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ به‌غدا ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: “ئێمه‌ هاتووین بۆ ئه‌وه‌ى مافى مووچه‌خۆرانى خۆمان دابینبكه‌ین، زیاتر له‌ مافى خۆمانمان داوا نه‌كردووه‌ و نه‌شهاتووین بۆ ئه‌وه‌ى كه‌س خێرمان پێبكات”.

قوباد تاڵه‌بانى له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا ئه‌وه‌شى روونكرده‌وه‌: “كه‌شى سیاسى له‌ عێراق ئاڵۆزه‌، هه‌ڵبژاردن له‌پێشه‌، ئه‌و كه‌شه‌ سیاسییه‌ ئاڵۆزه‌ى كه‌ هه‌یه‌ ئاڵۆزتر كراوه‌، هه‌مووان فشاریان له‌سه‌ره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ داوا له‌ هه‌مووان ده‌كه‌م ئارامییان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێكى سه‌ركه‌وتوو”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this