بەغدا رەتیدەکاتەوە ئەمریکا فڕۆکەیەکی عێراقی خستبێتە خوار

0
262

SNN

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا رەتیکردەوە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەشاری بەغداوە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی عێراقی خرابێتە خوار، داواشدەکات هەواڵ لەسەرچاوەی رەسمییەوە دەبێت بڵاو ببێتەوە.

لە بەیاننامەیەکدا فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا رایگەیاند “ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە راست نین کە باس لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان دەکەن لەلایەن بەرگرییە ئاسمانییەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە لە شاری بەغدا”.

بەیاننامەکە باسی ئەوەشیکردووە “نابێت دەزگاکانی راگەیاندن پشت بە سەرچاوەی نا رەسمیی ببەستن بۆ گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەکان و دەبێت لایەنی رەسمی قسەیان بۆ بکات”.

ئەمە لەکاتێکدایە شەوی چوارشەممە ئەفسەرێکی پۆلیسی بەغدا بەناوی نەقیب ئەحمەد خەڵەف بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو “سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی کە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا جێگیرکراوە، فڕۆکەیەکی چاودێری سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدای بە هەڵە خستووەتە خوارەوە”.”.

ئەحمەد خەڵەف روونیکردەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەپەلە داوای لێبووردنی لە سوپای عێراق کردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەوان پێیان وابووە کە ئەو فڕۆکەیە سەر بەو گرووپە چەکدارییانەیە کە هێرشی مووشەکی بۆسەر باڵیۆزخانە و نێردەی وڵاتانی بیانی لە ناوچەی سەوز ئەنجام دەدەن.

لەوەتەی ساڵی 2014ـەوە ئەمریکا رابەرایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش دەکات و پشتیوانی لە هێزەکانی عێراق لە شەڕی دژبە رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەکات.

ئەمریکا، لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش نزیکەی سێ هەزار سەربازی وڵاتەکەی لە عێراق جێگیر کردووە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this