حکومەتی عێراق هۆكاری بەرزبوونەوەی خێرای نرخی دۆلارە و دەیەوێت تا 145 هەزار دینار بڕوات

0
745
لۆگۆى حكومه‌تى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN-عەلی حەمە سەعید
بەگوێرەی وتەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق هۆكاری بەرزبوونەوەی خێرای نرخی دۆلار لە بازاڕەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە عێراق بە نیازە نرخی 100 دۆلار لەبەرامبەر 145 هەزار دینار جێگیر بكات.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە SNNی ڕاگەیاند: لە ڕەشنووسی پرۆژە بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021 عێراق دەیەوێت نرخی 100 دۆلار بەرامبەر بە 145 هەزار دینار جێگیر بكات، بۆیە دەیەوێت وردەوردە خەڵك لەگەڵ ئەو نرخە ڕابێت تا ئەو كاتەی بە فەرمی لە پرۆژەیاسای بودجە جێگیر دەكرێت و نرخی 100 دۆلار دەبێتە 145 هەزار دینار.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە SNNدراون ئەوە خراوەتەڕوو، لە ڕەشنووسی پرۆژە بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021 حكومەتی عێراق پێشنیازیكردووە بۆ بانكی ناوەندی كە نرخی 100 دۆلار بەرامبەر بە 145 هەزار دینار جێگیر بكات، ئەم پێشنیازەش دزەی پێكراوە بووەتەهۆی ئەوەی بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق و هەرێمی كوردستان جۆرێك لە شڵەژان بە خۆیانەوە ببینن.

ئاماژەی بەوەشكرد، هۆكاری ئەو پێشنیازەی حكومەتی عێراقی بۆ بانكی ناوەندی بە بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە عێراق دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە بەشێك لەو كورتهێنانەی كە لە بودجەی گشتی عێراق هەیەتی پڕی بكاتەوە، بەڵام ئەمە ڕێگایەكی تەندروست نییە، چونكە دەبێتەهۆی هەڵئاوسان لە بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخی شمەك و كاڵا لە بەرامبەریشدا مووچەخۆران زیانیان پێدەگات، چونكە ئەوان مووچەكانیان بە دینار دەبێت.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە كاتی كردنەوەی بازاڕەكانی دراو نرخی 100 دۆلار بەرامبەر بوو بە 129 هەزار و 500 دینار، بڵام لە ماوەیەكی كەمدا نرخی 100 دۆلار بۆ 133 هەزار و 500 دینار بەرز بوویەوە.

بەگوێرەى سەرچاوەکان ئەم رەشنوسەی بوجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 هێشتا بەراییە و قابیلى گفتوگۆکردنە و پەسەند نەکراوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this