ئه‌مڕۆ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراق گفتوگۆى كۆتایی له‌باره‌ى بودجه‌ى 2021 ده‌كات

0
498

SNN

بڕیارە ئه‌مڕۆ شەممە ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراق گفتوگۆ و كۆبوونه‌وه‌ى خۆى له‌باره‌ى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2021ى عێراق بكات، پاشان بینێرێته‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ ئه‌وه‌ى خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م و دووه‌مى له‌سه‌ر بكرێت و دواتر ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت و بكرێته‌ یاسا.

هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی حكومەتی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراقی بۆ ساڵی 2021 پەسەند نەكراووە و رەوانەی پەرلەمانیشی نەكردووە، بەڵام ناوەڕۆكی ئەو پرۆژە یاسایە دزەی پێكراوە ئەوەشی پەیوەندی بە پشكی هەرێكی كوردستانەوە هەیە خۆی لە چەند و بڕگەیەكدا دەبینێتەوە، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دەڵێت: ئەو رەشنووسە قابیلی دەستكاریكردنە.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق له‌وباره‌یه‌وه‌ بە SNNی راگەیاند: “بەگوێرەی ئەو رەشنووسەی كە لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بڵاوكراوەتەوە پشكی هەرێم بەڕوونی و بە ژمارە دیارینەكراوە، لە بەرامبەریشدا كۆمەڵێك مەرج دانراون كە دەبێت هەرێمی كوردستان جێبەجێیان بكات لەبەرامبەر پێدانی پشكی هەرێم لەو بودجەیەدا”.

ئاماژەی بەوەشكرد: “ئەوەی ئیستا بڵاوكراوەتەوە نەبووەتە بڕیاری كۆتایی بەڵكوو قابیلی دەستكاریكردنە و دەكرێت گۆڕانكاری لە بڕگە و مادەكانی بكرێت پاشان پەسەند بكرێت و رەوانەی پەرلەمان بكریت”.

بە گوێرەی ئەو رەشنووسەی لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 دەست SNNكەوتووە لە بەشی سێیەمی پرۆژەیاساكەدا باسی پشكی هەرێمی كوردستان دەكات، كە
لە ماددەی 10 یەكەم: پشكی هەرێمی كوردستان لە كۆی گشتی خەرجی فعلی دیاریدەكرێت لە خشتەی دال/ خەرجی حاكیمە هاوپێچی یاساكە هەیە، بەپێی ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەك، وەزارەتی دارایی خەرجی دەكات بە رەزامەندی سەرۆكوەزیران

دووەم: دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لەكۆی گشتی خەرجی فعلی (خەرجی بەكاربردن و خەرجی پرۆژەكانی وەبەرهێنان) بەپێی ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەك دوای لێدەركردنی خەرجی سیادی

ماددەی 11یەكەم: شایستەكان لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی 2004 بۆ 2020 یەكلایی دەكرێنەوە، دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی دەكەن، شایستەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی رابردوو هەژمار دەكەن، ژمێرەی كۆتایی دەردەكەوێت كە لەلایەن دیوانی چادێری دارایی پەسند دەكرێت لەگەڵ رەچاوكردنی حوكمی ماددەكانی (24- دووەم- ب) لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019

دووەم:أ حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە رادەستكردنی تێكڕا 250 هەزار بەرمیل نەوتی خاو رۆژانە لە نەوتی خاوی بەرهەمهاتووی كێڵگەكانی و فرۆشتنی لە رێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت، پێویستە داهاتی نەوتی و نانەوتی تەنیا رادەستی گەنجینەی گشتی دەوڵەت بكرێت

ب: هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە خەرجكردنی مووچەی پێشمەرگە بۆ ساڵی 2021 لەو پارەیەی لە چوارچێوەی بودجەی هەرێم بۆ ساڵی 2021 بۆی دیاریدەكرێت و هەژماركردنی قەرەبووی فەرمانبەران.

ج: ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەند نەبێت داهاتی فیدراڵی رادەستی گەنجینەی فیدراڵی یاخود حوكمەكانی بڕگەی ئەلف-ی ئەو بەندە جێبەجێ نەكات، ئەوا وەزارەتی دارایی فیدراڵی حوكمی ماددەی (27- پێنجەم) جێبەجێ دەكات لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019، پشكی دیاریكراوی لێدەبڕێت بەپێی بەندەكانی یەكەم و دووەم (ئەلف) لەو ماددەیە و دواتر حیسابەكە یەكلایی دەكەنەوە

سێیەم: أ: حكومەتی هەرێمی كوردستان داتاكانی قەرز و پابەندبوونە داراییە كەڵەكەبووەكانی لایەتی بەهۆی كورتهێنانەوە لە بودجەی ساڵانی 2014-2019 پێشكێشی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەكات لەماوەیەك كە 30 رۆژ زیاتر نەبێت لە رێكەوتی دەرچوونی ئەو یاسایە

ب- پێداچوونەوە بە داتای ئاماژە بۆ كراو دەكرێت كە لە بڕگەی (1)ی سەرەوە، لەلایەن لیژنەیەكی هاوبەشی نێوان هەردوولا بە هاوكاری لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان و لەماوەیەك كە 90 رۆژ لە رێكەوتنی دەرچوونی ئەو یاسا تێپەڕنەكات

ج- لەسەر وەزارەتی دارایی فیدراڵی و لەژێر رۆشنایی ئەنجامی پێداچوونەوەی ئاماژە بۆ كراو لەسەرەوە ئەو قەرز و پابەندبوونە داراییانە بەشێوەی قۆناخ بە قۆناخی ساڵانە یەكلایی دەكرێنەوە

چوارەم: پابەندبوونی حكومەتی عێراقی بە پێدانی خەرجی گواستنەوەی بە نزیكەی 350 هەزار بەرمیل رۆژانە لە نەوتی خاوی هەناردەكراو لە رێگەی بۆری نەوتی هەناردەكراو 250 هەزار بەرمیل نەوت لە نەوتی هەرێم و 100 هەزار بەرمیل لە چوارچێوەی پشكی بودجەی هەرێم بە حیسابكردنی پێویستی خزمەتگوزاریی ساڵی 2020 دوای ئەوەی وردبینی دەكرێت لە تێچووی ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەی بۆ كراوە لەلایەن كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی فیدراڵی.

پێنجەم: وەزارەتی دارایی لە سەرەتای 2021 دەستدەكات بە دابەزینی قیستی قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هەرێمی كوردستان لەو قەرزانەی دەیدرێتێ لەلایەن بانكی بازرگانی عێراق، بەپێی خشتەی قەرز بۆ ماوەی 10ساڵ كە لە سەرەتای ساڵی 2021 دەستپێدەكات.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this