دابیننەكردنی نەوت بۆ هاووڵاتییانی پێنجوێن ناچاریان دەکات بە بڕینەوەی دارەکان

0
370

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەهۆی هەڵكەوتەی شوێنی جوگرافی پێنجوێن و نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما لە وەرزی زستان، ساڵانە هاووڵاتییانی سنووری قەزای پێنجوێن و دەوروبەری پێویستیان بە چوار بەرمیل نەوت هەیە بۆ ئەوەی بتوانن وەرزی سەرما بەڕێبكەن، بەڵام بە وتەی هاووڵاتییان و بەرپرسانی ئیداری سنوورەكە، بەهۆی دابیننەكردنی نەوت هاووڵاتییان بە ناچاری پەنا بۆ بەكارهێنانی داربڕینەوە دەبەن کە ئەمەش زیان بە دارستانەکان دەگەیەنێت.

كەریم دۆڵەسوری، هاووڵاتییەكی دانیشتووی قەزای پێنجوێن بە SNNی ڕاگەیاند: جیاواز لە سنوورەكانی دیكەی ناوچەكە قەزای پێنجوێن و گوندەكانی دەوروبەری ساڵانە لەوەرزی سەرمادا پلەكانی گەرما بۆ ژێر پلەی سفر دادەبەزن ئەمەش وادەكات هاووڵاتییان و گوندنشینان لە ماڵەكانیاندا بمێننەوە بۆ ئەوەش پێویستیمان بە سوتەمەنی دەبێت بۆ ئەوەی ڕۆژانی ساردی زستان بەڕێبكەین بەڵام ساڵانە یان بەرمیلێك نەوت یان هەرچیچ بڕە نەوتێككمان بۆ دابینناكرێت لەكاتێدا دەبوو ڕەچاوی ئەم سنوورەی ئێمە بكرایە بەوەی ناوچەیەكی شاخاوی ساردە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ هەر ماڵێك ساڵانە لە وەرزی زستاندا پێویستیمان بە سێ‌ تا چوار بەرمی نەوت دەبێت بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە نەوتێكمان بۆ دابیننەكراوە، ئەمەش وایكردووە كە پەنا بۆ بەكارهێنانی زۆپای دار ببەین بۆ ئەوەش بەناچاری ڕوو لە دارستانە سروشتییەكانی سنووركە بكەین بۆ بڕینەوەی دار و بەكارهێنانی لە زۆپای داردا چونكە بەهۆی بەرزی نرخی نەوتیش ناتوانین لە بازاڕەكاندا نەوت بكڕین، بۆیە ئەگەر زۆپای دار نەبێت زستانی پێنجوێن بە ئاسانی تێناپەڕێت.

زانا ڕەحمان قایمقامی قەزای پێنجوێن بەSNNی ڕاگەیاند: ئێمە لەگەڵ نیگەرانی هاووڵاتییانین بە دابیننەكردنی سوتەمەنی بۆیان، ساڵانە ئەم سنوورەی ئێمە بۆ هەرماڵێك پێویستی بە لایەنی كەم سێ‌ بەرمیل نەوت دەبێت ئەمساڵ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی سوتمەنی و كانزاكانی سلێمانییەوە هیچ بڕە نەوتێكمان بۆ دابیننەكراوە و ساڵی پاریش تەنها یەك بەرمیل نەوت دابەشكرا، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ئاخۆ ئەمساڵ نەوت دەگاتە سنوورەكەمان یاخود نا بەڵام ئێمە لەهەوڵكانمان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی بتوانین هەر هیچ نەبێت ماڵی بەرمیلێك نەوتی سپی بۆ دابین بكرێت.

بە وتەی چالاكانی ژینگە پارێزی سنووری قەزای پێنجوێن، بەهۆی پەنابردنی هاووڵاتییان بۆ بڕینەوەی دارستانە سروشتییەكان و بەكارهێنانی دارەكان بۆ گەرمكردنەوەی ماڵەكانیان ساڵانە رێژەیەكی زۆر لە سەوزایی سنوورەكە لەناو دەچێت و ئەوەش دواجار زیانێكی زۆر بە ژینگە و سروشتی ناوچەكە گەیاندووە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this