بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كاریگەری ڕاستەوخۆی لە زیادبوونی نرخی كاڵاكان كردووە

0
156

SNN-عەلی حەمە سەعید

دوای بڕیاری كۆتایی لە بارەی جێگیركردنی نرخی 100 دۆلار بەرامبەر بە 147 هەزار دینار، ڕاستەوخۆ نرخی كاڵاو شمەك لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانیش بەرز بوونەوەی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینی، ئابووریناسێك دەڵێت ئەمە لە زیانی هاووڵاتییانی كەمدەرامەتدایە و بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانیش دەڵێت ئەوەی هاتووەتە ئاراوە لەدەستەڵاتی ئێمەدا نییە و تەنها چاودێری بازاڕمان لەسەرە.

عوسمان محەمەد، شارەزا لە كاروباری دارایی بە SNNی ڕاگەیاند: گومانی تێدا نییە كە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ڕاستەوخۆ كاریگەریشی لەسەر بەرزكردنەوەی نرخی كاڵاو شمەك دەبێت و بووە لە بازاڕەكاندا، بەتایبەت ئەو كاڵایانەی كە لە دەرەوە هاوردە دەكرێن و بە دۆلار دەكڕدێن بە دینار دەفرۆشرێنەوە، ئەمەش لە دواجار بە زیانی هاووڵاتییانی كەمدەرامەت دەشكێتەوە، چونكە هیچ گۆڕانكارییەكی ئەرێنی لە سەرچاوەی داهاتی هاووڵاتییان ڕووینەداوە تا ئامادەبن خۆیان لەگەڵ نرخە نوێیەكاندا بگونجێنن بەڵكوو هەمان داهاتی پێشویان هەیە بەڵام هەمان كاڵا بە نرخێكی دوو بەرامبەر دەكڕن.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە سیاسەتی ئابووریدا هەمیشە یاسایەك پەیڕەو دەكرێت كە بریتییە لە خواست و خستنەڕوو، هەر كات خواست لەسەر كاڵایەك زۆر بوو خستنەڕووی كەم دەبێت ئەمەش وادەكات كە نرخی ئەو كاڵایە بەرز بێتەوە، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر خستنەڕوو زیاد بوو نرخەكان كەم دەبنەوە، بۆیە ئەوەی ئیستا دەگوزەرێت جۆرێك لە ترس و دڵەڕاوكێ‌ لای هاووڵاتییان دروستبووە بەوەی كە پێدەچێت نرخەكان زیاتر بەرز ببنەوە وایكردووە كە خستنەڕوو كەم بێت خواست زۆر بێت ئەوەش وایكردووە شانبەشانی بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار نرخی كاڵاكانیش بەرزببنەوە بەڵام ئەركی لایەنە پەیوەندیدارەكان سنورێك بۆ ئەم بابەتە دیاری بكەن.

سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە SNNی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ لەگەڵ كردنەوەی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو جێگیربوونی نرخی دۆلار بە بەرزبوونەوەی بەرامبەر بە دینار نرخی كاڵا و شمەكیش لە بازاڕ بەرزبوویەوە، ئێمە لەگەڵ بازرگانەكان گفتوگۆمان كردووە ئەوانیش ئەوە دەڵێن كە شمەك بە دۆلار دەكڕن ناچارن نرخەكان بەرز بكەنەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار و دینار لە دەستەڵاتی بانكی ناوەندی عێراقدایە، بۆیە بەرز بوونەوەی نرخەكانیش هیچ لە دەستەڵاتی ئێمەدا نییە، بەڵام ئەوەی لە دەستەڵاتی ئێمەدایە ئەوەیە كە بە بەردەوامی لیژنەكانمان چاودێری بازاڕدەكەن بۆ ئەوەی نەهێڵن ئەم دۆخە لەلایەن چەند كەسێكی بەرژەوەندیخوازەوە بقۆزرێتەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this