“ساڵی 2020 ئاماری سەرجەم تاوانەکان کەمتربوون لە پار”

0
88

SNNـ بڕیار محەمەد

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت “لە ساڵی 2020دا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان 257 تاوانی کوشتن و خۆکوشتن و سێ هەزار و 298 تاوانی دزیکردن تۆمارکراوە و 661 چەکی بێ مۆڵەتیش دەستی بەسەردا گیراوە”.

کارزان ئەمیر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی گشتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئامارەکانی خستەڕوو رایگەیاند :”لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2020 دا 257 تاوانی کوشتن و خۆکوشتن تۆمارکراوە، 65 لە هەولێر، 50 لە سلێمانی، 61 لە دهۆک، چوار لە هەڵەبجە، 32 لە سۆران، 19 لە گەرمیان و26 کەیسیش لە راپەڕین تۆمارکراوە، بەکۆی گشتی تاوانەکانی کوشتن و خۆکوشتن لەگەڵ ساڵی پار کەمتر بووە و ساڵی پار 260 تاوان تۆمار کرابوو”.

وتیشی “لە ساڵی 2020دا لە سەرجەم هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 298 تاوانی دزیکردن ئەنجامدراوە کە بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمی کردووە ئەوکات چوار هەزار و 322 تاوان ئەنجامدرابوو، لە تاوانەکانی ئەمساڵ 559 لە هەولێر بووە، هەزار و 520 سلێمانی، 594 دهۆک، 68 هەڵەبجە، 98 سۆران، 114 گەرمیان و 316 راپەڕین”.

رائید کارزان ئەمیر دەربارەی ئاماری تاوانەکانی دیکەش لە هەرێمی کوردستاندا ئاماری بڵاوکردەوە و رایگەیاند “خراپ بەکارهێنانی هێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی لە هەرێمی کوردستان 1646 تاوان ئەنجامدراوە بەراورد بە ساڵی رابردوو کە هەزار و 898 تاوان بووە، تاوانی ساختەکردن لە هەرێمی کوردستان 393 تاوان هەبووە بەراورد بە ساڵی رابردوو کە 804 تاوان تۆمارکرابوو، هەڕەشەکردن لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 158 هەڕەشە کراوە بەراورد بە ساڵی رابردوو چوار هەزار 152 هەڕەشە تۆمارکرابوو، تاوانی فێڵکردن لەمساڵدا سێ هەزار و 27 تاوان تۆمارکراوە کە ساڵی رابردوو چوار هەزار و 331 تاوان بوو، لە دەستبەسەردا گرتنی چەکی بێ مۆڵەتدا ئەمساڵ 661 چەکی بێ مۆڵەت دەستی بەسەردا گیراوە کە ئیمیش کەمتربووە لە ساڵی رابردوو کە 976 چەکی بێ مۆڵەت دەستی بەسەردا گیرابوو، مردنی قەزاو قەدەر لە هەرێمی کوردستان ئەمساڵ 420 کەیس هەبووە و ساڵی رابردوو 443 کەسی هەبووە، ئاماری هاوسەرگیری لەدەرەوەی دادگا ئەمساڵ 510 سکاڵا تۆمارکراوە و هەموویان دەستگیرکراوە و بەراورد بە ساڵی رابردوو کە 704 کەیس هەبوو ئەمیش کەمی کردووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد “ساڵی ئایندە پلانێکی تۆکمەترمان هەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لەنێو شار و شارۆچکەکاندا و ساڵی ئایندە بەو پلانە کارەکانمان دەکەین کە پلانێکی زۆر تۆکمەتر و باشتر دەبێت و ئەنجامی باشتریشێ دەبێت”.

دەربارەی خواستیان بۆ دامەزراندنی پۆلیسی نوێ بەتایبەت لە هەندێک شوێن و ناوچە کە ژمارەی پۆلیسیان بەراورد بە ژمارەی دانیشتووان زۆر کەمە، بەڕیوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “لەبەر ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان روو لە زیادبوونە بۆیە بۆئەوەی بتوانین کەشێکی ئارامتر بۆ هاووڵاتیان دابین بکەین و باشتر کارەکانمان بکەین بەڵێ هەمیشە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و فراوانبوونی شارەکان پێویستمان بەپۆلیسی زیاتر دەبێت بەڵام بابەتی دامەزراندن پەیوەندی بە وەزیری ناوخۆوە هەیە و ئەو بڕیار دەدات کە کەی دامەزراندن پێویستە و لەکوێ کارمەند و پۆلیسی نوێ دادەمەزرێندرێت”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this