ئەگەری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا هەیە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان

0
1444

SNN

میدیای ئەمریکی ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە کە دوو جێگەی ئارام و بێ کێشە دیاریکراون تا واشنتن لە یەکێکیاندا باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا بۆ بگوازێتەوە کە یەکێک لەو دوو جێگەیە هەرێمی کوردستانە.

دوێنێ چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا لەبارەی دوایین هێرش بۆ باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی، لە تویتەری خۆی نووسیبووی “رۆژی شەممە باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا بە چەند مووشەکێک کرایە ئامانج، سێ لەو مووشەکانەش بەرپەرچدرانەوە”. ترەمپ ئەوەشی نووسیوە “مووشەکەکان لەلایەن ئێرانەوە هاوێژراون”.

هۆشدارییەکەی ترەمپ بۆ ئێران دوای ئەوە هات هەر دوێنێ بەرپرسانی باڵای ئەمنیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و لەسەر هەندێک بژاردە بۆ رێگەگرتن و وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە عێراق رێککەوتن.

بەپێی هەواڵی هەندێک میدیای نزیک لە کۆمارییەکان، واشنتن چاو بەو بژارەیە دەخشێنێتەوە کە باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا دابخات، ئەمە یەکێکە لەو چەند بژاردەیەی کە بەرپرسانی ئەمریکی خستوویانەتە بەردەم ترەمپ بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران و گرووپە شیعییەکانی سەر بە وڵاتەکە.

سایتی ئەکسیۆس بڵاویکردووەتەوە “کۆشکی سپی لە سەروبەندی ئەوەدایە باڵیۆزخانەکەی بەشێوەیەکی هەمیشەیی لەشاری بەغدا دابخات و بیگوازێتەوە بۆ یەکێک لە دوو جێگەی ئارامی عێراق کە هەولێر و بنکەی ئاسمانیی ئەسەد-ن”.

سایتەکە ئاشکرایکردووە “ماتیۆ توولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق گەر بەغدا جێبهێڵێت بێ شک لە شاری هەولێر یان بنکە ئاسمانییەکەی عەین ئەسەد لە خۆرئاوای عێراق جێگیر دەبێت”.

هەر ئەمڕۆش ویلیام ئۆربان وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند: ئەو هێرشەی لە چەند رۆژی رابردوودا کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق گەورەترین بووە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا.

ئۆربان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەو هێرشەی کە یەکشەممەی پێشوو کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا گەورەترین بووە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا و تەنیا لەو شەوەدا 21 کاتیۆشا بە باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە نراوە، توانراوە بەشێکیان لە رێگەی سیستمی بەرگری باڵیۆزخانەوە بەرپەرچ بدرێتەوە، مووشەکەکان هیچیان بەر باڵەخانەی باڵیۆزخانە نەکەوتوون، بەڵام پارچەی کاتیۆشاکان زیانی بە باڵەخانەکانی چواردەوری باڵیۆزخانە گەیاندووە.

ماوەى زیاتر لە شەش مانگە ناوبەناو لە سەرچاوەى جیاوازەوە مووشەک ئاراستەى ناوچەى سەوز دەکرێن، پێشتریش چەند جارێک ئەو مووشەکانە ئاراستەى باڵیۆزخانەى ئەمریکا کراون لەو ناوچەیە و تەنانەن چەند جارێک زەنگى ئاگادارکردنەوەى ئەو باڵیۆزخانەیە لێیداوە، بە هەمان هۆکاريش سیستمى دژە مووشەکى لە باڵیۆزخانەکە جێگیر کراوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this