عێراق پارەی نیوەی بەشە گەنمی جوتیاران دەنێرێت

0
1027

SNN- بڕیار محەمەد

جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: بەغدا لە بڕیاری ناردنی بڕی 268 ملیار دیناری پارەی بەشە گەنمی جوتیاران پاشگەزبووەتەوە، بەڵکو ئەوان ئێستا دەڵێن لەو بڕە پارەیە تەنها نیوەی دەنێرین و بۆ نیوەكەی تریش دەست بە گفتوگۆكان دەكەینەوە .

عوسمان كەریم سوارە، جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان بە SNNی رایگەیاند: دوێنێ شەو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق قسەمان كرد لەسەر ئەوەی كەی پارەی جووتیاران دەنێرێت ئەوانیش پێیان وتین “ئێستا نیوەی پارەکە دەنێرین و بۆ نیوەكەی تریش گفتوگۆ دەكینەوە بۆ گەیشتن بە رێگا چارەیەكەی تەواو، ئێمەش تا لە نیوەكەی تر دڵنیا نەبینەوە ئەوا بڕیار لەسەر ئەو نیوەیەش نادەین.

وتیشی “لە چەند رۆژی داهاتوو لەگەڵ جووتیاران كۆدەبینەوە بۆ ئەوەی بە هەموومان رێگا چارەیەكەی گونجاوتر بدۆزینەوە تاوەكو ئەو پارەیەی لای عێراقە بۆ برا جووتیارەكان بگەرێنینەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد: كۆی ئەو پارەیەی لای وەزارەتی بازرگانی عێراقە وەك بەشەپارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم بۆ هەرسێ ساڵەكە دەكاتە 557 ملیار دینار و لەو رێژەیەش بڕیار بووە بە چەند قۆناغێك تەواوی بڕە پارەكە رادەستی جوتیاران بكرێت و لە قۆناغی یەكەمیشدا، بڕی 268 ملیار دینار رەوانە بكەن، بەڵام ئێستا وەزارەتی بازرگانی دەیەوێت وەكو پاڵپشتی و یارمەتی دارایی بۆ جوتیارانی هەرێم برێك پارە بنێرێت، نەك وەك شایستەی دارایی جوتیارانی هەرێم.

سەرەتایی ئەم مانگە شاندێکی لیژنەی كشتوكاڵ ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ هەریەكە لە وەزیری بازرگانی و وەزیری كشتوكاڵ و سەرۆككۆماری عێراق كۆبوونەوە بەمەبەستی رەوانە كردنی پارەی گەنمی جووتیاران هەرێمی كوردستان كەهی ساڵەكانی 2014 و 2015 و 2016ن، دوای گەرانەوەشیان لە كۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایانگەیاند: كەوا لەگەڵ وەزیری بازرگانیی عێراق رێككەوتوون كە پێویستە مافی جوتیاران بدرێت و ئەوانیش بەڵێنیانداوە كە نیوەی پارەكە بنێرن و ئەوەی كە دەشمێنێتەوە بەشێوەی قیست لە ماوەی مانگێك بۆ سێ مانگی دیكە یان زیاتر بنێردرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this