لەسەر بەردەوامیدان بە لێخۆشبوونی لە %15ی پارەی قەرزی كارەبا ڕوونكردنەوە دەدرێت

0
444

SNN-عەلی حەمە سەعید

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوەدەكات لێخۆشبوونی لە %15 لە قەرزی كارەبا تا 31/12/2020 بەردەوامی دەبێت، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێك نییە كە لە ساڵی داهاتوودا جارێكی دیكە ئەو بڕیاری لێخۆشبوونە درێژ بكرێتەوە هاوكات ئەو هاووڵاتییانەشی كە مامەڵەی گەڕانەوەی پارەی قەرزی كارەباین ئەنجامداوە و بەهۆی پشووەكانەوە دەكەونە ساڵی نوێ‌ ئەوا بەهەمان ڕینمایی پارەیان لێوەر دەگیرێت.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: بڕیاری لێخۆشبوونی 15% پارەی قەرزی كارەبا كە لای هاووڵاتییانە تا كۆتایی ئەمساڵ كاری پێدەكرێت، تا ئێستا هیچ بڕیارێك نییە كە لە ساڵی داهاتووشەوە ئەو بڕیارە درێژ بكرێتەوە، درێژكردنەوەی وەها بڕیارێك لە دەستەڵاتی ئەنجومەنی وەزیراندایە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو هاووڵاتییانەی كە پێش ڕاگەیاندنی پشووی سەری ساڵ مامەڵەی گەڕاندنەوەی قەرزی كارەبایان ئەنجامداوە بەڵام بەهۆی پشووەكانەوە مامەڵەكانیان دەكەوێتە دوای سەری ساڵ، ئەوا بە هەمان ڕێنمایی لێخۆشبوونی لە %15 كاریان بۆ دەكرێت، بەڵام بۆ مامەڵەی نوێ‌ كار بەو بڕیارە ناكرێت تا ڕێنمایی نوێ دەردەچێت، بۆیە ئەو بڕیارەی كە لەمساڵدا دەركرا كاریگەری باشی هەبوو بۆ گەڕانەوەی بڕێكی باش لەو پارەی قەرزی كارەبایەی كە لای هاووڵاتییان و شوێنە گشتییەكان بوو.

وتەبێژەكەی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، ئێستادا بەهۆی خواستی زۆری هاووڵاتییان لەسەر كارەبا لە %70ی بڕی بەرهەمهێندراوی كارەبا دەدەین هاووڵاتییان و لە %30 بۆ كارگەكانە، بەڵام لە هەوڵی ئەوەداین لە ڕێگەی تەواوكردنی پێوەری زیرەكەوە چاسكازی زۆر باش لە كەرتی كارەبا ئەنجام بدەین بە جۆرێك بتوانین پێدانی كارەبا لە 24 كاتژمێر نزیك بكەینەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this