شاندی باڵای هەرێم لەدوای پەرلەمان سەردانی حزبە سیاسییەکان دەکات

0
91

SNN- بریار محەمەد

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند، بڕیارە شاندی باڵای دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، لەدوای كۆبوونەوە لە پەرلەمان، سەردانی حیزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیش بكات.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: “شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە پشتیوانی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەكان هەیە. ئەوەندەی من ئاگاداربم، لەدوای دانیشتن لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان، شاندی دانوستانكار سەردانی حیزبەكانیش دەكات و لەگەڵ شاندی حیزبە سیاسییەكان كۆدەبنەوە، ئەوكاتە گفتوگۆ دەكرێت كەی و بەسەرپەرشتی سەرۆكی هەرێم یان یەكێك لە جێگرانی شاندێكی سیاسی هەرێم بچێتە بەغدا”.

وتیشی:  “هێشتا كاتی ئەوە دیارینەكراوە شاندێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستانەوە بچێتە بەغدا، بەڵام هەركاتێك پێویست بێت، ئەم شاندە دەڕوات، لە كۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەش ئەم بابەتە گفتوگۆی لەسەركراوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد : كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆمان  “تەكنیكی و وردە, كۆمەڵێك پرسیار لای لیژنەكان و تەواوی فراكسیۆنەكان هەیە، بۆیە ئێمە ئەو سێ لیژنەیەمان (لیژنەی دارایی، لیژنەی سامانە سرووشتییەكان و لیژنەی یاسایی) هەڵبژاردووە، هەروەها ئەمە لایەنێكی سیاسیشی تێدایە، بۆیە بەپێویستمان زانیوە تەواوی سەرۆك فراكسیۆنەكان و تەنانەت ئەو پەرلەمانتارانەی پەرلەمانتاری سەربەخۆن، داوامان لێكردوون لەنێو خۆیاندا رێكبكەون و نوێنەرێك دیاری بكەن بۆ ئەوەی تەواوی ئەو فراكسیۆنانەی لەنێو پەرلەمانن، ئاگاداری وردەكارییەكان بن”.

راشیگەیاند:  “دەمانەوێت وردەكارییەكانی ئەو دوو هەفتەیە بزانین، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونییەك لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە هەبێت بۆ هەردوو ئەگەرەكە: ئەگەر رێكیشبكەوین و تەنانەت یاساكەش جێبەجێ بكرێت یان یاسای بودجەی 2021 لە پەرلەمانیش تێپەڕێت، ئایا حكومەتی عێراق توانای هەیە ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكات؟ ئەی ئەگەر توانای هەبێت و بڕیارێكی سیاسی هەبێت، نەیەوێت جێبەجێی بكات؟”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this