چوار بژاردە بۆ پشكی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق دەخرێتەڕوو

0
1123

SNN-عەلی حەمە سەعید
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەكات پشكی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق ڕووبەڕووی چوار بژاردە دەبێتەوە، باشترین بژاردەش تێپەڕاندنی ئەو ڕێژەیەیە كە لە ئێستادا وەك پشكی هەرێم دیاریكراوە.

د. جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەSNNی ڕاگەیاند: ڕاستە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق ئاراستەی پەرلەمان كراوە، بەڵام تا ئێستا لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتییەوە ئاراستەی لیژنەكەمان نەكراوە، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا پشكی هەرێم لە پرۆژەیاساکە خۆی لە چوار بژاردەی سەرەكی دەبینێتەوە، بەجۆرێك بژاردەی یەكەم بۆ پشكی هەرێم دەنگدانە بەو بڕگەیەی تایبەتە بە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بە بێ گۆڕانكاری لە پرۆژەكە و بەگوێرەی ئەو ڕێككەوتنەی لەنێوان هەرێم و بەغدا ئەنجامدەدرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بژاردەی دووەم لەبەردەم پشكی هەرێم بریتییە لە هەمواركردنەوەی ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە پشكی هەرێم، بەڵام بەدانوستان و لێكتێگەیشتن لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق بە ئاگاداری پەرلەمانتاران، هەرچی بژاردەی سێیەمە بریتییە لە ڕەتكردنەوەی ئەو ماددانەی تایبەتن بە هەرێمی كوردستان كە ئەمە مەترسییە و نابێت ڕووبدات، دوایین بژاردەش لە حاڵەتی ڕوودانی بژاردەی سێیەم ئەوا بژاردەی چوارەم بریتیدەبێت لە بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان لەلایەن كوتلە كوردییەكان و دەنگنەدانە بە پرۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵی 2021 لەلایەن نوێنەرانی كوردەوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، بژاردەی یەكەم لەبەرژەوەندی كورددایە بۆ ئەوەش زۆر گرنگە ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتنی پێشوەختەی سیاسی لەسەر پرۆژەیاسای بودجە بكرێت، چونكە بوونی هەر ڕێككەوتنێكی سیاسی كاری پەرلەمانتاران ئاسانتر دەكات.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this