لە بارەی بەفەرمی ناساندنی مەرزی سەیران بەن لە لایەن عێراقەوە روونكردنەوە دەدرێت

0
373

SNN-عەلی حەمە سەعید

دوای ئەوەی كە پارێزگاری كوردستانی ڕۆژهەڵات ئاشكرایكرد كە حكومەتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بەفەرمی ناساندنی مەرزی سەیران بەن لە سنووری قەزای پێنجوێن، سەرۆكی لیژنەی دەروازە سنوورییەكانی پارێزگای سلێمانی ئەو هەواڵە پشتڕاستدەکاتەوە و دەشڵێت: بەڵام هێشتا فەرمانە ئیداریەکەمان بەدەستنەگەیشتووە.

سالار عەبدوڵا، سەرۆكی لیژنەی دەروازە سنوورییەكانی پارێزگای سنووری پارێزگای سلێمانی بە SNNی راگەیاند: بە فەرمی ناساندنی دەروازە سنوورییەكان لە نێوان عێراق و ئێران لە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیدایە، بەڵام ئێمەش لای خۆمانەوە وەك حكومەتی هەرێم كاری جدیمان بۆ بەفەرمی ناساندنی ئەو دەروازانە كردووە كە تائێستا بەفەرمی نەناسێنراون، وەك دەروازە سنوورییەكانی ( سەیران بەن، شۆشمێ‌ و كێلێ‌).

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە لای خۆمانەوە نوسراومان بۆ وەزارەتی ناوخۆ كردووە، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی لەلایەن دەروازە سنووریەكانی عێراقەوە ئاگادار نەكراوینەتەوە، بەوەی عێراق بەفەرمی دەروازەی سەیران بەنی ناساندبێت بەڵام مەرزی سەیران بەن هەموو مەرجە یاساییەكانی مەرزێكی نێودەوڵەتی تیادایە و چەند جارێكیش لیژنەی باڵای عێراق سەردانی مەرزەكەیان كردووە.

مەرزی سەیران بەن لە ڕووی جوگرافییەوە كەوتووەتە سنوری ناحییەی گەرمكی سەر بە قەزای پێنجوێن، چەند ساڵێكە سەرجەم كاروبارەكانی بە فەرمی ناساندنی مەرزە لەلایەن حكومەتی هەرێم و لایەنی ئێرانییەوە تەواوكراوە بۆ ئەوەی هاوشێوەی مەرزی باشماخ بە فەرمی بناسرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنێ بەهمەن مورادنیا، پارێزگاری كوردستانی ڕۆژهەڵات بە میدیا ئێرانییەكانی راگەیاند: حكومەتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە لەبارەی بە فەرمی ناساندنی مەرزی سەیران بەن لە سنوری قەزای پێنجوێن، بۆ ئەو مەبەستەش لەمەودوا هاوشێوەی هەر مەرزێكی نێودەوڵەتی دیكە كاری بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیاری لەو مەرزەوە ئەنجام دەدریت.

 

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this