بەشێک لە گەنجان لە پێناو جوانکاری ڕوخسار و جەستەیان تووشی کێشەی تەندروستی گەورە بوون

0
134

SNN-محەمەد مستەفا

بە دیاریکراوی ماوەی 10 ساڵە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی هەرێم و بە تایبەت گەنجان بە لێشاو ڕوویان کردۆتە نەشتەرگەری جوانکاری ڕوخسار و بەکارهێنانی دەرمان بە مەبەستی جوانکاری ، ئەو هاوڵاتیانەی جوانکاری لە ڕوخسار و جەستەیان دەکەن بریتین لە دوو بەش ، بەشێکیان لە ڕێگەی نەشتەرگەری و بەشێکیشیان بە بەکارهێنانی دەرمان ، بەڵام لە هەردوو بەشەکەدا قوربانی زۆر هەن کە نەشتەرگەری و دەرمانەکە زیانی تەندروستی پێگەیاندوون و تا ئێستاش بە دەست کێشەکانی ئەو جوانکاریەوە دەناڵێنن .

” بەشێک لەوانەی جوانکاری لوتیان کردووە کێشەی هەناسەدان و نەمانی هەستی بۆنکردن و ناڕێکی کونە لوتەکانیان بۆ دروست بووە “

ئاری محەمەد گەنجێکی خەڵکی ڕانیە و بە SNN ی ڕاگەیاند, ساڵی 2012 بۆ جوانکاری لوتی چۆتە وڵاتی ئێران و لەوێ بە بڕی 1200 دۆلار نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەیەکی شاری تاران کردووە، بەڵام لەدوای نەشتەرگەریەکە و تا ئێستاش کێشەی هەناسەدانی هەیە و زۆر تەنگەنەفەس دەبێت بە جۆرێک کەناتوانێت وەرزش بکات .

ئاری وتیشی: “لە کوردستان سەردانی چەند پزیشکێکم کردووە، ئەوان پێیان ڕاگەیاندووم دووبارە دەبێت نەشتەرگەری بۆ لوتت بکرێت بڕێک پارەی زۆریشی دەوێت، بۆیە داواکارم لە گەنجان تا زۆر زۆر پێویست نەبێت نەشتەرگەری جوانکاری لوت ئەنجام نەدەن ”

هێڤی قادر کچێکی تەمەن 23 ساڵە ئەو کە بەهۆی جوانکاری لوتیەوە هەستی بۆنکردنی بەڕێژەیەکی زۆر لەدەستداوە بە SNN ی وت: “ساڵی 2015 لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی لە هەولێر نەشتەرگەری جوانکاری لووی ئەنجام داوە هەرچەندە لوتی زۆریش پێویستی بەو نەشتەرگەریە نەبووە بەڵام ئەو وەک حەزێک ئەنجامی داوە، ئەوە بۆ ماوەی نزیکەی 5 ساڵە بەهۆی نەشتەرگەریەکەوە بەڕێژەیەکی زۆر هەستی بۆنکردنی لە دەستداوە .

” بەشێک لە گەنجان دەیانەوێت بە نەشتەرگەری، لوتیان هاوشێوەی لوتی ئەکتەرە جیهانیەکان بێت “

دکتۆر پێشڕەو خالید پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشیەکانی قوڕگ و لوت و گوێ بە SNN ی ڕاگەیاند : جوانکاری لوت وەک مۆدێلی لێ هاتووە، گەنجان خواستێکی زۆریان بۆ جونکاری لوت هەیە، زۆر جار گەنجان داوای جۆرێک نەشتەرگەری دەکەن بۆ لوتیان کە ئەستەمە بەو جۆرە نەشتەرگەری بکرێت. چونکە پزیشکان لوت چاک دەکەن نەک لوت دروست بکەن، تەنانەت بەشێک لە گەنجان وێنەی ئەکتەر و هونەرمەندە جیهانیەکان دەهێنن و داوا دەکەن بە نەشتەرگەری لوتیان هاوشێوەی لوتی ئەوان لێ بکەن. .

ئەو پزیشکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: نەشتەرگەری جوانکاری لوت تەنیا لە حاڵەتی بوونی خواری لوت یاخود کێشەی هەناسەدان کە بەهۆی زەبرێکی دەرەکی دروست بوو بێت پێویستە ئەنجام بدرێت نەک هەرکەسێک کە حەزی لە نەشتەرگەری جوانکاری بوو ئەنجامی بدات ، ئەوان وەک پزیشک بەشێکی زۆر گەنجیان لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری پاشگەز کردۆتەوە چونکە ئەو گەنجە هیچ پێویستی بەو نەشتەرگەریە نەبووە .

دکتۆر پێشڕەو ڕونیشیکردەوە : کێشەی هەناسەدان گەورەترین کێشەی تەندروستی دوای نەشتەرگەری جوانکاری لوتە کە بەشێکی زۆری ئەو کەسانە پێوەی دەناڵێن کە نەشتەرگەریان ئەنجام داوە، هاوکات نەمانی بۆن و ناڕێکی کونە لوتەکان، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ دوو بەش، بەشێکیان هەڵە لە تەکنیکی نەشتەرگەریەکە و بەشێکی تریش زۆر جار کەسەکە لوتی بۆ جوانکاری گونجاو نیە بەڵام بە زۆر داوای شێوەیەکی دیاریکراوی لوت دەکات نەشتەرگەری بۆ دەکرێت و لە کۆتایدا توشی چەندین کێشەی تری لوت دەبێتەوە و دەبێت دووبارە نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت و ڕۆژانەش ئەوان وەک پزیشک ڕووبەڕووی ئەو حاڵەتانە دەبنەوە .

” بەهۆی دەرمانی کیمیای بۆ لابردنی مووی زیادە، پەڵە لەسەر پێستی دەم و چاوم دروست بووە “

هۆنیا عەزیز کچێکی خەڵکی ڕانیە لە یەکێک لە کلینەکەکانی جوانکاری ڕانیە بوو بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی پێستی دەم و چاوی ئەو بە SNN ی ڕاگەیاند : چەند مانگێک لەمەوبەر لە دوکانێکی جوانکاری بەمەبەستی لابردنی موی زیادە لەسەر ڕوخسارم کرێمێکم کڕی ، هەرچەندە لەسەر کرێمەکە نوسرابوو سروشتیە و هیچ زیانێکی نیە بەڵام دوای 9 ڕۆژ لە بەکارهێنانی ئەو کرێمە چەند پەڵەیەک لەسەر ڕوخسارم دەرکەوتن .

ئەو کچە گەنجە باسی لەوەشکرد : دوای سەردانی پزیشکی پسپۆڕ دەرکەوت کە ئەو کرێمە سروشتی نەبووە و بەڵکو کیمیای بووە و هەستیاری لەسەر پێستی دروستکردووە ، وە لە ئێستادا لە لای پزیشکێکی پسپۆر لە ڕێگەی بەکارهێنانی لەیزەرەوە هەوڵ دەدات لەو پەڵانەی سەر دەم و چاوی ڕزگاری بێت کە بوتە خەمێکی گەورە بۆی و بەردەوام بیری لێ دەکاتەوە .

” بەهۆی بەکارهێنانی سلیکۆن گرێەک لە ڕوومەتم دروست بووە و پێویستە بە نەشتەرگەری دەربهێنرێت “

هەر لە کاتی بەدواداچونەکانیSNN بۆ دواندنی ئەو کەسانەی بوونەتە قوربانی نەشتەرگەری جوانکاری و دەرمانی جوانکاری (س، م ) کە ژنێکی تەمەن 38 ساڵی دانیشتوی قەڵادزێ بوو بە SNN ی ووت ” ساڵی 2018 بۆ بەرزکردنەوەی ڕوومەتەکانم پەنام بردە بەر بەکارهێنانی سلیکۆن و گۆڕانکاریەکی جوانی بە دڵی خۆمی لە ڕوخسارم دروستکرد ، بەڵام دوای نزیکەی 10 مانگ لەو جوانکاریە هەستم کرد ڕوومەتەکانم نارێک دەردەکەون و یەکێک لە ڕوومەتەکانم گرێیەکی دروست کرد ”

ئەو ئافرەتە هێمای بۆ ئەوەشکرد : دوای سەردانی پزیشکی پسپۆڕی جوانکاری ، پزیشک پێی ڕاگەیاندووە کە دەبێت نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت چونکە سلیکۆنی بەشی هەردوو ڕوومەتی توشی داکشان بووە و گرێی دروستکردووە ، بۆیە بڕیارە لە زووترین کات نەشتەرگەری بۆ دەرهێنانی ئەو سلیکۆنە لە ڕوومەتەکانی ئەنجام بدات .

” ئافرەت هەبووە دەرمانی بۆ قەڵەوکردنی ڕوخساری بەکارهێناوە بەڵام هۆڕمۆنە سێکسیەکانی تێک چوون و زۆرینەی جەستەی مووی لێ هاتووە  ”

دکتۆر کارزان زرار پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی پێست و جوانکاری بە SNN ی ووت ” بەشی زۆری ئەو کەسانەی بە مەبەستی چارەسەر و جوانکاری روومان تێ دەکەن ئەوانەن کە بەهۆی نەشتەرگەری جوانکاری و بەکارهێنانی دەرمانی جوانکاری دووچاری کێشە هاتوون بەتایبەت لە ڕوخساریاندا و قوربانیەکانیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوویان لە زیاد بوونە بۆیە پێویستە هاوڵاتیان ئاگاداربن کە لای کام پزیشک نەشتەرگەری جوانکاری دەکەن و کام دەرمانە بەکاردەهێنن .

ئەو پزیشکە دەشڵێت ” زۆرێک لە خانمان دەرمان بۆ قەڵەوکردنی ڕوخساریان بەکار دەهێنن بەڵام دوای ماوەیەک دەم و چاو و جەستەیان موویەکی زۆری زیادەی لێهاتووە و هۆڕمۆنی سێکسیان تێکچووە تەنانەت ئەو دەرمانە ڕێگری کردووە لە دووگیانبوونی ئافرەتەکەش، ئەمە جگە لە قڵیشانی پێست و چەندین گرفتی تر، چونکە لە زانستی پزیشکی هیچ دەرمانێک نیە بە تەنها ڕوخسار قەڵەو بکات، وە ئەم دەرمانانە سروشتی نین بەڵکو دەرمانە سترۆیدەکان دەخرێنە ناو گژ و گیا و بە دەرمانی سروشتی دەفڕۆشرێن .

هەروەها بەشێکی تر لە قوربانیەکان ئەوانەن کە دەرمانیان بۆ لابردنی زیپکە و خاڵ و بالوکە بەکارهێناوە بەڵام ئەو شوێنەی دەرمانەکەی لێدراوە چاڵ بووە و پەڵەی دروستکردووە

” سلیکۆن مادەیەکی زیان بەخشە و بەهۆی هێزی کێش کردنی زەوی شێوەی جەستە و ڕووخسار تێک دەدات “

سەبارەت بە قوربانیانی جوانکاری سلیکۆن دکتۆر کارزان زرار باسی لەوەکرد: لە چەند ساڵی ڕابردوو بەهۆی هەرزانی و کەمی تێچوونی ، پزیشکان بۆ جوانکاری لە خانمان سلیکۆنیان بەکار دەهێنا، بەڵام سلیکۆن مادەیەکی زیان بەخشە و بەهۆی هێزی کێش کردنی زەوی توشی داکشان دەبێت واتا لەو شوێنی خۆی دێتە خوارەوە، زۆر جاریش دەبێتە گرێ بە تایبەت لە ڕوخساردا و لە زۆر کاتدا بەهیچ چارەسەرێک ئەو سلیکۆنە لە جەستە نایەتە دەرەوە تەنیا لە ڕێگەی نەشتەرگەری نەبێت نمونەی ئەو جۆرە قوربانیانەشی زۆرە بەهۆی سلیکۆنەوە جەستە و روخساریان شێواوە و بە نەشتەرگەری چارەسەری کردوون .

دکتۆر کارزان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: داوا لە هاوڵاتیان دەکەم کاتێک بڕیاری نەشتەرگەری جوانکاری یاخود بەکارهێنانی دەرمان دەدەن بۆ جوانکاری دەدەن پێویسته ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکەن و باوەڕ بەو دەرمانانە نەکەن کە دەگوترێت دەرمانی سروشتین و لە ماوەی تەنیا چەند رۆژێک پێست سپی دەکات یان پەڵە لادەدات یاخود ڕوخسار قەڵەو دەکات ئەمانە هەمووی دەرمانی کیمیای زیان بەخشن، هاوکات پێیویستە هاووڵاتیان وشیار بن لەئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاری پێش ئەوەی نەشتەرگەریەکە ئەنجام بدەن پێویستە لە ئەزموونی ئەو پزیشکە دڵنیابن کە نەشتەرگەریان بۆ دەکات بۆ ئەوەی بە دوور بن لەو گرفتانەی کە ئەمڕۆ هەزاران کەس بە هۆیانەوە دەنالێن و بڕە پارەیەکی زۆریشیان لە دەست چووە .

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this