وەزیری پێشمەرگە: تا پێشمەرگەش نەگەڕێتەوە كێشەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان چارەسەر نابێت

0
143

SNN- بڕیار محەمەد
وەزیری پێشمەرگە رایدەگەیەنێنت پێشمەرگەی كوردستان توانیویەتی داعش تێكبشكێنێت و تا پێشمەرگەش نەگەڕێتەوە كێشەكانی ئەو ناوچانەی كە كێشەیان لەسەرە چارەسەر نابێت، هەروەها لە ئێستادا لەسەر ئەوە ڕێككەوتووین كە دوو ناوەندی سەرەكیی و چوار ناوەندی هەماهەنگی لەنێوان عێراق و كوردستان هەبێ بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بچنەوە ئەو ناوچانە لەوانەش بۆ (كەیوان ـ خانەقین ـ مەخمور ـ دەشتی نەینەوا).

ئەمرۆ شاندی پەرلەمانی عیراقی كە پێكهاتبوون لە د. بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و د. ناسیح هەركی ئەندامی لیژنەی بەرگری و ئاسایشی پەرلەمانی عیراق لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە كۆبوونەوە .

دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیر و ئەفسەرە پلەدارەكانی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم لە ئیسماعیل شۆرش وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: ئەم هاتنە بۆ ئەوە بووە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بەرفراوان بێ، پێشمەرگەی كوردستان توانیویەتی تیرۆستانی داعش تێكبشكێنێت و تا پێشمەرگەش نەگەڕێتەوە كێشەكانی ئەو ناوچانەی كە كێشەیان لەسەرە چارەسەر نابێت.
وتیشی: ئەو داواكارییەش بە پێی دەستور و یاسا ئێمە داوای دەكەین، بۆیە ئەگەر پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە ئەوە كێشەكانی ئەو ناوچانە بە یەكجاری چارەسەر دەبن، لە ئێستادا لەسەر ئەوە ڕێككەوتووین كە دوو ناوەندی سەرەكیی و چوار ناوەندی هەماهەنگی لەنێوان عێراق و كوردستان هەبێ بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بچنەوە ئەو ناوچانە لەوانەش بۆ (كەیوان ـ خانەقین ـ مەخمور ـ دەشتی نەینەوا).

ئاماژەی بەوەشكرد: كە پێشمەرگە بەشێكە لە دامەزراوەی بەرگری عێراقی بەرامبەر تیرۆرستان. بۆیە ئێمە بەردەوام داوای شایستەداراییەكانی پێشمەرگە لە عیراق دەكەین و ئەوەی زانیویشمانە كە پشكی پێشمەرگە لە پڕۆژە بودجەی 2021ی عیراق زیاد بووە.

د. بەشیر حەداد جێگری دووەمی پەرلەمانی عێراق وتی: لەگەڵ لیژنەی بەرگری و ئاسایشی عێراق كە هاتووینەتە وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و ناوچەکانی عێراق و باسكردن لە شایستە داراییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە لە حكومەتی عێراق و باسی هەنگاوەكانی چۆنیەتی كاركردن بەیەكەوە لەسەر ئەو دۆسیانە.

وتیشی: لە سەرگەڕان و پەلكانە و خانەقین كێشەی زەوی و زاریش لە نێوان كورد و عەرەبەكان دروستبووە و بەهۆی ئەوەشەوە كە سوپای عێراق چۆتە ناو كێشەكانەوە بۆیە پێویست دەكات هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی عیراق هەبێ. بەتایبەتی بۆ بوونی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ئەوەی هەم لایەنی ئەمنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی كوردستان پارێزراوبێ هەمیش بەیەكەوە كێشەكانی ئەو خەڵكانە چارەسەر بكەن.

لەبارەی ڕیككەوتنی نێوان هەرێم و عیراقیش د. بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەشكرد : ڕێككەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا كراوە و لە هەوڵی ئەوەداین گفتوگۆیەك لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان بكرێت تا ڕێككەوتن بكرێت، بەلام ئەوەی گرفت دروست دەكات پەرلەمانتارانی لایەنانێكی سیاسین كە گرفت بۆ ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا دەكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە عیراق لە بارودۆخێكی دارایی ناسەقامگیردایە بۆیە هیچ گەرەنتییەك نییە بۆ ئەوەی عێراق پابەندی بڕگە یاساییەكانی ڕێككەوتن و بوجەی ئەمساڵیش بێت، هەرچی حكومەتی هەرێم لە سەرەتای ساڵی 2019وە بە فەرمی پابەندی خۆیان بە وابەستەكانی بێت بەرامبەر بە عێراق بەڵام عێراق هیچ گەرەنتییەكی نییە.

لەبارەی گفتوگۆی پەرلەمانی عیراق بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەی بودجەی ئەمساڵ د. بەشیر حەداد راشیگەیاند: لەماوەی دوو مانگی ڕابردووەوە لە هەوڵداین بۆ ئەوەی ڕێككەوتن لەسەر پڕۆژە بودجەی ساڵی 2021 بكرێت و تا بتوانین هەمووان بەو بڕگەیاساییانە پێی ڕازی بن ئەو هەوڵەشمان بەردەوامە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this