به‌وێنه: تێنسزانانى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق له‌هه‌ولێره‌وه ده‌ست بهئامادهكارییهكانیان ده‌كه‌نه‌وه

تێنسزانانى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق
سه‌نگه‌ر زرار- SNN SPORT
رۆژێك دواى رێگه‌دان بهكرانهوهى یاریگاكانیان، تێنسزانانى شارى هه‌ولێر و هه‌ڵبژارده‌ى عێراق گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو یاریگاكان و له‌یاریگاكانى تێنسى سه‌رزه‌وى ئه‌كواپارك دووباره ده‌ستیان به‌مه‌شق و راهێنان و ئامادهسازییهكانیان كرده‌وه، ئه‌مه‌ش له‌ژێر سه‌رپه‌رشتى هه‌ردوو راهێنه‌رى یه‌كێتى تێنسى هه‌ولێر و هه‌ڵبژارده‌ى عێراق (عه‌بدولناسر عه‌بدولڕه‌زاق و ئالان زه‌كى)، تۆڕى هه‌واڵى سلێمانى (SNN SPORT) ئاماده‌ى مه‌شقه‌كان بوو، له‌وێ راهێنه‌ر و یاریزانه‌كانى دواند و ئه‌وانیش دڵخۆشى خۆشیان ده‌ربڕى به‌دووباره گه‌ڕانه‌وه‌یان و دهستكردنهوهیان به‌مه‌شق و ئاماده‌سازییه‌كان، هه‌روه‌ها پاش زیاتر له 2 مانگ دابڕانیان له‌مه‌شق و پاڵه‌وانێتییه‌كانى یاریه‌كه، هیواى ئه‌وه‌یان خواست ئه‌م بارودۆخه‌ى به‌هۆى ڤایرۆسى كۆرۆنا هاته‌ئاراوه كۆتایی پێبێت و بچنه‌وه نێو ركابه‌رییه‌كانى سه‌ر ئاستى شاره‌كه‌یان و ناوخۆى كوردستان و عێراق و هه‌روه‌ها ده‌ره‌وه.
“ده‌مانه‌وێ لهئامادهكاریدا پێشه‌نگ بین”
*سه‌ره‌تا ئه‌ندازیار كه‌مال عه‌بدوڵڵا/ سكرتێرى یه‌كێتى تێنسى هه‌ولێر له‌باره‌ى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى مه‌شقه‌كان وتى:” هه‌رچه‌نده به‌شێوه‌ى فه‌رمیی هیچ شتێك دیارنیه كه پاڵه‌وانێتییه‌كان كه‌ى ده‌ست پێده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام ئێمه ده‌ستمان بهڕاهێنانهكان كردووه‌ته‌وه و ده‌مانه‌وێ لهئامادهكاریدا پێشه‌نگ بین، هه‌رچه‌نده ئێمه پهیوهنددارین به‌شاره‌كانى تریش و ده‌بێت ئه‌وانیش ده‌ست بە جوڵه بكه‌نه‌وه، دیاره ئێمه لهخۆئامادهكردنهوهماندا پێش ئه‌وان كه‌وتین و ئاماده‌كاری باش ده‌كه‌ین بۆ پاڵه‌وانێتییه‌كانى داهاتوو چ له‌ناوخۆى هه‌ولێر یان كوردستان و عێراق، ئێستا یاریزانانى بێچوەشێران و تازه‌پێگه‌یشتووان و لاوان هه‌فتانه 3 رۆژ به‌پێى به‌رنامه مه‌شقه‌كانیان ده‌كه‌ن و یاریزانانى پێشكه‌وتوو هه‌روه‌ها دێرینه‌كانیش هه‌ریه‌كه‌یان 2 رۆژ مه‌شق و راهێنان ده‌كه‌ن، وه‌ك ده‌بینن ئێمه پابه‌ندین به‌رێنماییه‌كان و یاریزانه‌كان له‌دوورى یه‌كتره‌وه‌ن، لهیاریهكهى ئێمه‌شدا به‌ركه‌وتن زۆر نیه و زیاتر له‌به‌رامبه‌ر یه‌ك یان له‌دوورى یه‌كه‌وه مه‌شق ده‌كه‌ن”.
“بۆ مانگى ره‌مه‌زان به‌رنامه‌ى مه‌شقه‌كانمان جیاوازه و ته‌نها به‌شه‌وانه”
*ئالان زه‌كى عه‌بدولقادر/ یه‌كێك لهڕاهێنهرى یه‌كێتى تێنسى هه‌ولێر و هه‌ڵبژارده‌ى عێراق له‌باره‌ى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى مه‌شقه‌كان و پڕۆگرامى خۆئاماده‌كردنیان وتى:”پاش دابڕانمان بۆ ماوه‌ى 2 مانگ یه‌كه‌م رۆژه ده‌ستمان بهڕاهێنانهكانى خۆمان كردووه‌ته‌وه، راهێنانهكانیشمان خستووه‌ته شه‌و، چونكه زۆربه‌ى یاریزانه‌كان به‌رۆژوون، بۆ له‌مه‌ودوا تا پاش مانگى ره‌مه‌زان هه‌فتانه‌ش 3 رۆژ (یه‌كشه‌ممه ، سێشه‌ممه و پێنجشه‌ممه) شه‌وانه 4 كاتژمێر (9 بۆ 1ى شه‌و) مه‌شق به‌یاریزانه‌كان ده‌كه‌ین كه ژماره‌یان 14 یاریزانى كوڕ و كچه لهتهمهنهكانى ژێر 6 تا ژێر 16 ساڵ ئه‌مه‌ش بۆ خۆئامادهكردنمانه بۆ پاڵه‌وانێتییه‌كانى هه‌ولێر و كوردستان و عێراق، هه‌روه‌ها ده‌ره‌وه‌ش، ئێمه پێشتر به‌ڕۆژ مه‌شقمان ده‌كرد، به‌ڵام بۆ مانگى ره‌مه‌زان به‌رنامه‌ى مه‌شقه‌كانمان جیاوازه و ته‌نها به‌شه‌وانه و دواى ئه‌م مانگه پیرۆزه‌ش دووباره مه‌شقه‌كانمان ده‌بەینه‌وه رۆژ و ئێواران ده‌ست بهئامادهكاریهكان ده‌كه‌ینه‌وه”.
“هه‌ستێكى خۆشمان هه‌یه و زۆر گه‌شبینین و دڵمان خۆشه”
*هه‌ریه‌كه له (لاڤه رۆسته‌م و ئالا عه‌بدولناسر) یاریزانانى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق له‌باره‌ى دووباره گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ مه‌شقكردن وتیان:” 2 مانگه له‌یارى تێنس دووركه‌وتووینه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌هۆى كه‌ره‌نتین و قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆوه، ئه‌مرۆ یه‌كه‌م رۆژى گه‌ڕانه‌وه‌مان بوو بۆ یارى تێنس، به‌ڕاستى هه‌ستێكى خۆشمان هه‌یه و زۆر گه‌شبینین و دڵمان خۆشه كه‌پاش ماوه‌یه‌كى زۆر له‌دابڕان به‌هۆى نه‌خۆشى كۆرۆنا دووباره به‌یه‌كتر شادبووینه‌وه و ده‌ستمان به‌مه‌شق و راهێنانه‌كان كردوه، به‌هیواین پاش ماوه‌یه‌كى كه‌م ده‌ست بهپاڵهوانێتییهكان بكرێته‌وه”.
هه‌روه‌ها وتیان:” ئێمه له‌ماڵیش به‌هاوكارى و رێنمایی راهێنه‌ره‌كانمان و به‌پێى به‌رنامه‌یه‌ك مه‌شقى باشمان ده‌كرد و ئه‌وان زۆر هاوكارمان بوون، مه‌شقى یارییه سویدیه‌كان و تواناى جه‌سته‌ییمان كردووه و تاسنورێكیش توانیومانه پارێزگارى لهئاستمان بكه‌ین”.
“زۆر دڵخۆشین كه دووباره هاتینه‌وه بۆ نێو یاریگاكان”
*هه‌ریه‌كه له (موحه‌مه‌د ئه‌بوزێد و دارین عه‌بدولقه‌هار)ى یاریزانانى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى ئاماده‌كارییه‌كان وتیان:” به‌هۆى ئه‌م نه‌خۆشییه گشت چالاكییه‌كان وه‌ستێنران، به‌یارى تێنس-یشه‌وه، ئێمه‌ش بۆ دانهبهزینى ئاستمان رۆژانه بۆ ماوه‌ى دوو كاتژمێر له‌ماڵه‌وه فیتنس و راكردن و لێخوڕینى پایسكل-مان هه‌بووه و راسته ئێمه له‌ماڵه‌وه خۆمان كه‌ره‌نتینه كردبوو، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا توانیمان به‌رده‌وام به‌هه‌ندێك له‌مه‌شقه‌كان بده‌ین تا پارێزگاری له‌ئاستى خۆمان بكه‌ین زۆر دڵخۆشین كه دووباره هاتینه‌وه بۆ نێو یاریگاكان و ده‌ستمان بهمهشقردن كردووەته‌وه، هیوادارین ئه‌م ڤایرۆسه كوشنده‌یه زوو له‌ناوبچێت تا پاڵه‌وانێتیه‌كان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه و ئێمه‌ش به‌رده‌وام بین لهڕكابهرى بۆ گه‌یشتن به‌ئامانجه‌كانمان”.
لەگەڵمانبە
هەواڵی زیاتر
زۆرترین بینراو
ئەرشیف
دەربارەی ئێمە
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
ئەگەر لەبیرت کرد
-
ئاریان رۆبن بڕیاری چاوەڕوان نەکراو دەدات
2020-04-27
وەرزش
-
دیارترین ئەو 5 یاریزانەی مایەپوچبوون
2020-05-26 -
مباپی بڕیارە چاوەڕوان نەکراوەکەی دا
2020-05-17