” ئەردۆغان و بایدن بە هەڵە لەیەکتر تێگەیشتوون”

0
440

SNN

سەرباری ئەو رەخنە و ناڕەزایەتیانەی کە بایدن بەرامبەر بە ئەردۆغانی هەیە، وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاندووە: “بایدن دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە پەرەپێبدات و پەرەیەکی نوێ هەڵبداتەوە”، گۆڤارێکی ئەمریکیش نوسیویەتی: بایدن و ئەردۆغان لەیەکتر تێنەگەیشتوون لەگەڵ ئەوەشدا پێویستیان بە یەکتر هەیە.

گۆڤاری فۆرێن پۆڵیسی ئەمریکی لە راپۆرتێکی شیکاریدا نوسیویەتی، ساڵێک تێپەڕدەبێت بەسەر چاوپێکەوتنێکی جۆو بایدن کە ئەوکات کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکابوو، کە لە چاوپێکەوتنەدا وتی: “زۆر نیگەرانم سەبارەت بە تورکیا، پێویستە ئەمریکا مامەڵەیەکی جیاوازتر لە رابردووی لەگەڵ تورکیا بکات”، هاوکات وتیشی کە دەبێت ئەمریکا پاڵپشتی پارت و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بکات لە دژی دەسەڵاتی ئەردۆغان”.

گۆڤارەکە نوسیویەتی، ئەو قسانەی بایدن ئاماژەبوو بۆ ئەوەی کە تورکیا بووەتە سەرئێشەیەک بۆ سیاسەتمەدارانی ئەمریکا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا و هەر لەکاتی خۆکاندیدکردنیەوە بایدن سەرقاڵی داڕشتنی سیاسەتێکە بەرامبەر بە تورکیا.

ئەم لێدوانەی بایدن ئەوکات ناڕەزایی زۆری بەرپرسانی تورکیای لێکەوتەوە، بەڵام لە ئێستادا کە جۆو بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردراوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا لە هەوڵی خۆنزیکردنەوەن لێی.

ئیبراهیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا وتوویەتی: “تیمی بایدن خوازیاری پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەنقەرە پەرەپێبدەن و پەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە”.

وتیشی: “تیمەکەی بایدن بەشێکیان هەمان لەو کەسانەن کە لە ئیدارەی ئۆبامادا کاریانکردووە و ئەوان بە گرنگییەوە لە تورکیا دەڕوانن”.

بەڵام گۆڤارە ئەمریکیەکە روونیکردووەتەوە، تیمی ئاسایشی نیشتمانی بایدن کە وەک دەوترێت لە ئیدارەی ئۆبامادا بەشداربوون، لە پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان واشنتن و ئەنقەرە تێگەیشتوون و ئەزموونیان لێوەرگرتووە، ئەنتۆنی بلینکین کە بڕیارە ببێتە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جەیک سولیڤان راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی داهاتووی ئەمریکا پێشتر لە وتارەکانیاندا باسیان لەوەکردووە کە دەبێت هەڵوێستی توند بەرامبەر بە تورکیا بگرنەبەر و لە بەرامبەریشدا لە پشتگیریکردنی کوردانی رۆژئاوای کوردستان بەردەوامبن.

ئەمریکا و تورکیا پەیوەندییەکی زۆر نامۆیان هەیە، هەردوولا زۆر بایەخ بە هاوپەیمانێتی نێوانیان دەدەن، دەزانن چیان لەیەکتر دەوێت لەپێناو سەرخستنی سیاسەتەکانیان و لەسەر زۆر پرسیش هاوڕان و هەماهەنگی دەکەن لە نێویشیاندا شەڕی دژ بە داعش، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا متمانەیان بەیەکتر نییە و سزای یەکتر دەدەن و بە ئاشکرا ئیدانەی یەکتر دەکەن، ناکۆکی قوڵ لە نێوانیاندا هەیە بەتایبەت دەربارەی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوا و ئیسرائیل.

گۆڤارەکە دەڵێت، ئەگەرچی ئەمریکا و تورکیا لە ساڵانی رابردوودا زۆر گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە بەڵام ئەو دوو وڵاتە تێڕوانینیان بەرامبەر یەکتر وەک خۆی ماوە، تورکیا هەر وا ئەمریکا دەبینێت کە دەیەوێت کۆنتڕۆڵی سیاسەتی ناوچەکە بکات و رۆڵی بڕیاردەری هەبێت، ئەمریکاش هێشتا تورکیا وەک ئامرازێک دەبینێت کە بتوانێک لە ناکۆکییە جیۆسیاسییەکاندا بەکاریبهێنێت نەک وەک زلهێزێکی نێودەوڵەتی.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this